لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پێویستە هەرێم مووچەی مانگی ئادار جێگیر بکات

زووم:

رۆژنامە عەرەبییەکان

زەمان

ئەردۆغان دەڵێت، ئەو رێگە بازرگانییەی عێراق کە بە رێگەی پەرەپێدان ناسراوە، بۆ ناوچەکە گرنگە
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا لە کاتی پێشوازیکردنیدا لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، باسی لە گرنگیی رێگەی پەرەپێدان کرد، کە بڕیارە بە نێو عێراق و تورکیا و چەند وڵاتێکی دیکەى ناوچەکەدا تێپەڕببێت.
ئەو گوتی، پشتگیری لە دروستکردنەکەی دەکات و دەیەوێت جێبەجێ ببێت.
نێچیرڤان بارزانی، لە میانەی بەشداریکردنیدا لە دیداری دیپلۆماسیی ئەنتاڵیادا چاوی بە ئەردۆغان کەوتووە و لەبارەی چەند پرسێکی بازرگانی و ئابوورییەوە قسەوباسیان کردووە.


عەرەب

دیداری لوتکەی وڵاتانی هەناردەکاری گاز لە جەزائیر سەپاندنی سزاکانی رۆژئاوا بەسەر غازی رووسیدا رەتدەکاتەوە

رۆژی شەممە حەوتەمین لوتکەی یانەی وڵاتانی هەناردەکاری غاز لە جەزائیر کۆتایی پێهات.
هەموو وڵاتە بەشدارەکان لە کۆتایی دیدارەکەدا راگەیاندنێکیان بە ناوی راگەیاندنی جەزائیرەوە بڵاوکردەوە. تیایدا هاتووە، تەواوی ئەندامەکانی یانەکە سەپاندنی سزای تاکلایەنە بەسەر هەر ئەندامێکدا و بەرزکردنەوەی نرخی غازەکە لەبەرهۆکاری سیاسی رەتدەکەنەوە.
مەبەستیان لەم دەربڕینە ئەوەیە دەربڕینی هەڵوێستی ناڕەزایی خۆیانە بەرامبەر بە سەپاندنی سزا بەسەر روسیادا و بەرزکردنەوەی نرخی گازەکەیە.

سەباح

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پێویستە هەرێم مووچەی مانگی ئادار جێگیر بکات

عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، هێشتا پلەبەندکردنی مووچەی فەرمانبەران لەلای حکومەتە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەگ,ێرەى یاسا ناچارکراوە کە موچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی خۆی بۆ ئەم مانگی ئادارە جێگیر بکات.
مەبەستی عەتوانی لەوەی دەڵێت، پلەبەندییەکە لای حکومەتە ئەوەیە، کە بڕیاردان لەو پرسە کارێکە لە دەسەڵاتى پسپۆریی دامەزراوەی جێبەجێکاردایە. دامەزراوەی جێبەجێکاریش واتە حکومەت، کەواتە دەبێت حکومەت خۆی سەیری پلەبەندکردنەوەی موچەی فەرمانبەران بکات و دوای ئەوە ئەوکات پەرلەمان چاودێریی جێبەجێکردنی بکات.


مەدا

بەرپرسێکی ئەمریکی دەڵێت، هیچ پلانێک بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق لەئارادانییە

ئایان مەکاری نێردەی ئەمریکا لەناو هێزی هاوپەیمانانی ناو عێراق، کە شەڕی دژی داعش دەکەن دەڵێت، ئێستا هیچ پلانێکی وا لەئارادانییە، کە لە عێراق بکشێنەوە.
ئەو گوتی، لە کیشوەری ئەفریقاشادا هێزێکی هاوشێوەی ئەوەی ناو عێراقیان هەیە و لەوێش مەشق بە هەندێک سەربازی نیشتمانی دەکەن و لەسەر شەڕکردنی دژی داعش رایاندەهێنن.
دەڵێت، عێراق وڵاتێکی دامەزرێنەری ناو هاوپەیمانێتییەکەی دژی داعشە، بۆیە هاوپەیمانانیش سوود لە ئەزمونی عێراق وەردەگرن، لەوەی کە چۆن شەڕی دژی داعش بکەن. ئاماژەی بەوەش داوە کە گفتوگۆکانی ئێستای نێوانی عێراق و هاوپەیمانان بۆ ئەوەن مانەوەی ئەم هێزانە لە عێراق بکەن بە هەمیشەیی.

رۆژنامە ئینگلیزییەکان

فاینەنشیەڵ تایمز

ئۆپن ئەی ئای بەهۆی بەهۆی شکاندنی بەڵێنەکەی لەلاین ئیلۆن مەسکەوە سکاڵای لەسەر تۆمارکرا

ئیلۆن مەسک، سەرمایەداری ئەمریکی و خاوەنی کۆمپانیای سپەیس ئێکس و تێسلا، سكاڵای لە دژی کۆمپانیای زیرەکی دەستکردی ئۆپن ئەی ئای تۆمارکرد بەهۆی ئەوەی گرێبەستێکی لەگەڵ مەسکدا پێشێلکردووە و لە ئەرکەکەی خۆیان کە دروستکردنی سیستەمێکی زیرەکیی دەستکرد بووە بۆ سوودگەیاندن بە مرۆڤەیەتیی، پەشیمان بوونەتەوە.
ئەمەشیان بۆ هەبوونی ئەو گرێبەستە ملیاران دۆلارییە گەڕاندووەتەوە کە لەگەڵ کۆمپانیای مایکرۆسۆفتدا واژۆیان کردووە.

واشنتن پۆست

یەکەم خستنەخوارەوەی هاوکاریی ئەمریکا گەیشتە غەزە

ئەمریکا چەندین پاکێجی هاوکاریی بۆ کەرتی غەزە لەڕێگەی فڕۆکەوە فڕێدایە خوارەوە. ئەمە وەک یەکەم هەوڵی ئەمریکا دەبینرێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە مرۆییەی کە رووبەڕووی غەزە بووەتەوە و ئاماژەیەکە بۆ فراوانبوونی ئەو بۆشاییەی لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیلدا درووستبووە بەهۆی شێوازی مامەڵەکردنی جەنگی لەگەڵ حەماسدا.
ئۆپراسیۆنەکە لەڕێگەی فرۆکەی بارهەڵگرەوە ئەنجامدرا و بەهۆیەوە 38 هەزار ژەمەخۆراک لە ئاسمانی غەزە فڕێدرایە خوارەوە، کە تێیدا برسێتی و نەخۆشی تەنگی بە دانیشتووانەکەی هەڵچنیوە.


ئۆرشەلیم پۆست

ئەمریکا: تۆپەکە لە یاریگای حەماسدایە بۆ راگەیاندنی رێککەوتنی بارمتەکان

چوارچێوەی گەیشتنە رێککەوتن بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان کە تێیدا بۆ ماوەی شەش هەفتە جەنگ رادەگیرێت، لە شوێنی خۆیدایە، بەڵام تائێستا بەندە بە وەڵامێکی ئەرێنیی لەلایەن حەماسەوە.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا رایگەیاند، تۆپەکە لە یاریگای حەماسدایە و تاوەکو بتوانین بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامێک. ئەمە بەشێکە لەو رێککەوتنەی کە ئەمریکا هیواخوازە تا کاتی هاتنی مانگی رەمەزان واژۆ بکرێت و بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

عەرەب نیوز

لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا لە باشووری لوبنان حەوت چەکداری حزبوڵڵا کوژران

بەهۆی هێرشە ئاسمانیی و درۆنییەکانی ئیسرائیلەوە لە باشووری لوبنان، کە بۆ سەر پێگەکانی حزبوڵڵا ئەنجامیدان، لانیکەم حەوت چەکداری ئەو گرووپە گیانیان لەدەستدا کە یەکێکیان فەرماندەیەکی مەیدانیی بوو.
هاوکات فرۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل دوێنێ بەردەوام بە ئاسمانی بەیروتی پایتەختی ئەو وڵاتەدا سووڕاونەتەوە. لەلایەکی دیکەشەوە حزبوڵڵا رایگەیاند، هێرشێکی درۆنی بەسەرکەوتوویی بۆسەر بارەگایەکی سەربازیی نوێی ئیسرائیل لە شاری لیمان ئەنجامداوە.

رۆژنامە تورکییەکان

یەنى بیرلیک

لەپاش هەڵبژاردن سیاسەت لە تورکیا دەگۆڕێت
گالیپ ئەنسەریئۆغڵو، پەرلەمانتارى ئاک پارتى رایگەیاند، لەپاش هەڵبژاردنى شارەوانییەکان دیزاینى پارتە سیاسییەکانى تورکیا دەگۆڕێت، سەرۆکى جەهەپە دەگۆڕێت، ئیی پارتى هەڵدەوەشێتەوە، بەشێک لە لایەنگرانى دەم پارتى لە پارتەکەیان جیادەبنەوە.
ئەو گوتی، “جێگەى داخە هێزى چەکداری پەکەکە هێشتا هەژموونى تەواوى خۆى بەسەر بزوتنەوەى سیاسیی کوردەوە هەیە”. دۆخەکە وابێت ئاستەمە بزووتنەوەى سیاسیی کورد بتوانێت لە خزمەت گەلى تورکیا سیاسەت بکات.

ئاکیت

درۆنى تورکی بەشداری پێشبڕکێ لە قەتەر دەکات
بڕیارە نزیکەى 40 کۆمپانیا لە کەرتى پیشەسازیی بەرگرى تورکیا، لە رۆژانى 4 و 5ـى ئەم مانگە بەشداریی لە پێشانگەى نمایشی هێزى بەرگریی دەریاییدا لە دەوحەى پایتەختى قەتەر بەشداریی بکەن و بەرهەمەکانیان نمایش بکەن.

حوڕییەت

شاجوانى سعودیە خوازیارە لە زنجیرە تورکی نواندن بکات

رومى ئەلقەهتانى، یەکەم کچە لەسەر ئاستى وڵاتى سعودیە کە بۆ یەکەمنیجار لەسەرئاستى نێودەوڵەتى بەشداریی لە کێبڕکێی شاجوانى کردووە، لە چاوپێکەوتنێکیدا لە گەڵ رۆژنامەى حورییەت رایگەیاندووە، پێشتر لە زنجیرەیەکى سعودیدا کارى نواندنم کردووە، ئەزمونێکى باش و خۆش بوو لەلام، خوازیارم لە زنجیرەى تورکیدا نواندن بکەم، بینەرى زۆر زنجیرەى تورکی بووم، بەهیوام لە بەرهەمێکى تەلەفیزیۆنى تورکیدا خۆم ببینمەوە.

سەباح

لە ماوەى ساڵێکدا زیاتر لە 11 هەزار ئاژەڵى کێوى تەداوى کراون
ئەمڕۆ رۆژى جیهانى ئاژەڵە کێوییەکانە، لە ساڵى 2023، لە تورکیا 11 هەزار و 284 ئاژەڵى کێوى بەهۆى برینداربوونیانەوە تەداوى کراون و دواتر لە سروشتدا ئازاد کراون.

 

رۆژنامە فارسییەکان

ئیعتماد

لە هەڵبژاردنەکانى ئێران دەنگی پووچەڵەکان زیادیان کردووە

بەرزبوونەوەی رێژەى دەنگی پووچەڵ لە یەزد، سەرنجی میدیای بەرچاوی راکێشاوە و کۆی گشتی 29 هەزار دەنگە و پلەی دووەمی مسۆگەر کردووە.
تائێستا رێژەی گشتیی دەنگە پووچەکان لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەدا نادیارە، هەرچەندە لە هەڵبژاردنی پێشوودا لە پلەی دووەمدا بوون.
بناژۆخوازان دەڵێن، لە تاران 18%ی خەڵک بەشدارییان کردووە، پێدەچێت دەنگە پووچەڵەکان لە ناوچەی هەڵبژاردنەکانی تاران پلەی یەکەم یان دووەمیان بەدەستهێنا بێت.

تەجارەت

لە هەڵبژاردنەکاندا بناژۆخوازان زۆرینەی رەهای دەنگەکانیان بەدەستهێنا

لە هەڵبژاردنەکانى پەرلەمان و ئەنجومەنى شارەزایانى ئێران بناژۆخوازان زۆرینەی رەهای دەنگەکانیان بەدەستهێناوە. بۆ نمونە لە شاری تاران، بە گوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، هەر 30 کەسی هەڵبژێردراو لە دەستەى بناژۆخوازەکانن.
لیستی ریفۆرمخوازان و میانڕەوەکان لەژێر ناونیشانی دەنگی میللەت بە سەرۆکایەتی عەلی موتەهەری لە نێو 60 کەسی یەکەمدا یەک نوێنەریشی نییە. لە دەرەوەی تارانیش هەر بەم شێوەیە، بە جۆرێک کە زۆربەی براوەکان و هەڵبژێردراوەکان لە هەڵبژاردنەکاندا کەسانی بناژۆخواز و توندڕەون.

ئەفکار

ئەنجومەنى پارێزەران ماوەى هەفتەیەک بۆ وەرگرتنى سکاکان دیاری کردووە

تەهان نەزیف، گوتەبێژی ئەنجومەنی پارێزەران لە ئێران دەڵێت، دوای ھەڵبژاردن بۆ ماوەی ھەفتەیەک سکاڵا و سەرپێچیمان پێدەگات و بەدواداچوونیان بۆ دەکەین.
دەڵێت، ئەنجومەنی گاردیەن بۆ ماوەی هەفتەیەک دوای هەڵبژاردن سکاڵا و سەرپێچی وەردەگرێت و بەدواداچوونیان بۆ دەکەین، ئەوکات پاکی ھەڵبژاردنەکە دەبێت لە لایەن ئەنجومەنی پارێزەران پەسەند بکرێت، ئەگەر لە هەڵبژاردنەکەدا پێشێلکارییەکی گرنگ و بەرچاو نەبووبێت، دروستیی هەڵبژاردنەکە رادەگەیەندرێت، بە پێچەوانەوە دەچینە نێو لێکۆڵینەوەی زیاتر لەسەر بنەمای ئەو رێکخستنە یاساییانەی کە دیاریکراون.

ستارەی سوبح

ئەنجامەکان دەریدەخەن هەڵبژاردنی پەرلەمان شکستە نەک سەرکەوتن

لە هەڵبژاردن رۆژ بە رۆژ بەشداریکردن کەم دەبێتەوە و سەرەڕای ئەم کەمبوونەوەیە، هێشتا وەک سەرکەوتنێکی گەورە ناوی دەهێنرێت. لە سەرەتای شۆڕشی ئیسلامیدا رەخنەی ئەوە گیرا کە بەشداریکردن لە سەردەمی شای پەهلەوی کەمتر لە 50% بوو، بەڵام ئەمڕۆ هەڵبژاردنێک ئەنجامدراوە و بەشداریکردنی لە نزیکەی 40%دایە و ئەمەش ریکۆردی مێژووییە.
واتە ژمارەی کەسانی شایستە لە هەموو پارێزگاکەدا 10 ملیۆن و 30 هەزار کەسە، بەڵام ئێستا کەسێک دەبێت بڕیار بدات کە دەنگی ئەو 120 هەزارە و نزیکەی 1%.

هەواڵی زیاتر

Back to top button