کۆمەڵێک ئاوارەی خۆبەخش هەوڵ بۆ دڵخۆشکردنی منداڵانی غەزە دەدەن

زووم:

لە گەرمەی جەنگی ئیسرائیل و حەماس  لە پارێزگاى رەفەح لە کەرتى غەزە، منداڵان بە جۆشوخرۆشەوە ئامادەی چالاکی کۆمەڵێک گەنجی خۆبەخشن.

ژمارەیەک لاوی خۆبەخش لە کچ و کوڕ لە رەفەح منداڵە ئاوارەکانیان کۆکردووەتەوە و هەوڵ بۆ دڵخۆشکردنیان دەدەن.

گۆرانیگوتن و وێنەکێشان لەسەر روخساری منداڵەکان بەشێکن لە چالاکییەکانی ئەو خۆبەخشانە.

لە کاتێکدا دەنگی بۆردومان لە گوێی منداڵەکاندا دەزرنگێتەوە و رووناکیی تۆپباران چاوانیان پڕدەکات، ئەمە هیوایەکە بۆ گەڕاندنەوەی خەندە بۆ سەر لێوەکانیان و لەبیرکردنی ئەو هەموو کارەساتەی رۆژانە دەیبینن، ئەگەر بۆ چەند ساتێکی کەمیش بێت.

منداڵەکان بە دڵخۆشییەوە یاری دەکەن و چەپڵە لێدەدەن و بێوچان گۆرانی دەڵێن، هەمووان بەجۆرێک دڵخۆشن، وەک ئەوەی هەرگیز لە ژینگەی شەڕدا نەبووبن.

یەکێک لە گەنجەکان دەڵێت: نزیکەی 30 کەس دەبین لە رەفەح، زۆربەمان ئاوارەین، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵمان داوە لەم بارودۆخەی ئێستا هەیە، خەندە بهێنینە سەر رووخساری منداڵان.

ئەو دەشڵێت: هەوڵمانداوە لە ئازاری ئەم منداڵانە کەمبکەینەوە، لەم کات و بارودۆخەی هیچ ئامرازێکیان بۆ یاریکردن دەستناکەوێت و هیچیان نییە تا لەژێر ئەم بۆردومان و هێرشانە ئاسودەیی بە دەروونیان ببەخشێت.

دیمەنەکان پێماندەڵێن هێشتا هیوا هەیە، هێشتا ژیان هەیە، منداڵانی فەڵەستینی بە چاوی پرشنگدارەوە پڕ لە وزە و چالاکین و بە هیوان رۆژێک جەنگ کۆتایی بێت.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button