پەرلەمانتارێکی بەریتانی بەهۆی لێدوانی دژ بە موسڵمانان لە پەرلەمان دوورخرایەوە

زووم:

دوای ئەوەی لی ئەندرسن، پەرلەمانتاری پارتی پارێزگارانی بەریتانیا لە لێدوانێکی  رۆژنامەوانیدا گوتی سدیق خانی سەرۆکشارەوانیی لەندەن کەوتووەتەژێر کاریگەری و کۆنتڕۆڵی ئیسلامییەکانەوە، ناوبراو لەلایەن حزبەکەیەوە لە ئەندامێتی پەرلەمان دوورخرایەوە.

ئەندرسن، کە پێشتر جێگری سەرۆکی حزبەکەی خۆی بووە، زۆرجار بە لێدوانەکانی کێشەی بۆ حزبەکەی درووستکردووە، ئێوارەی هەینی لێدوانی دژی سەرۆک شارەوانیی لەندەن دا و کاردانەوەی زۆریشی لێکەوتەوە.

سایمن هارت، گوتەبێژی فەرمیی فراکسیۆنی پارێزگاران لە پەرلەمانی بەریتانیا گوتی، ئەندرسن ئامادە نەبووە داوای لێبوردن بکات، بۆیە ئەندامێتییەکەی لە پەرلەمان راگیراوە.

سدیق خان یەکەمین موسوڵمانە، کە بووبێتە سەرۆکی شارەوانیی لەندەنی پایتەخت، ئەندرسنیش لەبارەی ئەوەوە قسەی کردووە و گوتویەتی، ئیسلامییەکان سدیق خانیان کۆنتڕۆڵکردووە، پایتەختەکەی ئێمەی داوەتە دەستی ئەوان.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button