دەنگى ناڕەزایی بەرامبەر زیادبوونى ژمارەى لە سێدارەدان لە ئێران لە ناوخۆ و دەرەوە بەرزدەبێتەوە

زووم:

تا دێت گوشارەکان لەسەر ئێران زیاتر دەبێت بۆ کۆتایی هێنان بە سیاسەتی جێبەجێکردنى سزاى سێدارە، ئەوەش بەهۆى بەرزبوونەوەى ئامارەکانى لە سێدارەدان لەو وڵاتە.

بە گوێرەی راپۆرتێکی “Dw”ـى ئەڵمانی، دوابەدوای گوشارەکانى چالاکانی مەدەنی ئێرانی دانیشتووی ئەڵمانیا، 10 نوێنەری پەرلەمانی ئەو وڵاتە لەگەڵ بەیان عەزیمی و ماریا مەحمودی هاوسەرانی  دوو زیندانى لە سێدارەدراوى کوردی رۆژهەڵات کۆبوونەتەوە.

ئەو نوێنەرانە وێڕای رەخنەگرتن لە زیادبوونی ژمارەى لەسێدارەدانەکان لە ئێران، داوایان لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کرد، کە تەرمی 4  زیندانیی سیاسیی لەسێدارەدراوى کورد رادەستی بنەماڵەکانیان بکەن.

بە گوتەى یەکێک لە نوێنەرانی پەرلەمانانى ئەڵمانیا، رێژیمی ئێران ترسی ئەوەی هەیە، ئاسەواری ئەشکەنجەدان لەسەر ئەو تەرمانە ببینرێت، بۆیە رادەستیان ناکاتەوە.

هەر بە گوتەى ئەو نوێنەرە، جگە لەوە، ئێران ترسى ئەوەشى هەیە، کە خەڵک لە کاتی ناشتنی تەرمى ئەو کەسە لەسێدارە دراوانە لە دژی رێژیم راپەڕن.

لەلایەکى تر مەولوی عەبدولحەمید ئیمامی جومعەی زاهیدان لە گوتاری نوێژی هەینی ئەمڕۆدا لە بەلووچستان نیگەرانی خۆی لە زیادبوونی ژمارەى لەسێدارەدانەکان دەربڕی و رایگەیاند، لە ماوەی 45 ساڵی رابردوودا لەسێدارەدان ئەنجامی نەبووە، جەختیشی لەوەش کردەوە، ئەم لەسێدارەدانانە “خەڵکی ئێران و هەموو جیهانی تووشی شۆک کردووە”.

ئەو گوتیشى: بە باوەڕی ئێمە لە سێدارەدان راست نییە و لێکەوتەی خراپی بۆ وڵات و بەرپرسان و بنەماڵەکان هەیە.

ئەمانە لە کاتێکدایە لە سێدارەدان و ئەشکەنجەی زیندانیان لە ئێران بووە بە هۆکاری مانگرتن و دەربڕینى ناڕەزایی خەڵک و زیندانییەکان و لە نامەیەکی کراوەشدا زیاتر لە 800 بەندکراوی زیندانی ناوەندیی ورمێ، بە ئاماژەدان بە زیادبوونی رێژەی خۆکوژی زیندانیان بە هۆی “هەراسانکردن”ەوە داوای لە کارلادانی سەرۆکی زیندانەکەیان کردووە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، یەکێک لە زیندانییەکان بەهۆی حوکمی بڕینەوەی پەنجەکانی دەستی لە لایەن بەرپرسانەوە خۆی کوشتووە.

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button