شەڕی ئێسکشکاندن لەنێو گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراقدا دەستیپێکردووە

 

 

رۆژنامە عەرەبییەکان

 

 

شەرقولئەوسەت

سەروەری کریملن توانا ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی نمایش دەکات

دوێنێ ڤلادیمێر پوتین، مووشەکوەشێنی ئەتۆمیی جۆری تو 160 ئێمی دروستکراوی وڵاتەکەی نمایشکرد و لەوێوە هەندێک گاڵتەی بە بایدن کرد
کە گوتبووی “پوتین شێتە”.
بایدن، لە سان فرانسیسکۆی ئەمریکا بەشداریی بۆنەیەکی پیتاککۆکردنەوەی کرد، لەوێوە رەخنەی لە کریملن گرت و گوتی، “بەهۆی شێتێکی وەک پوتین و چەند کەسێکی هاوشێوەی دەبێت ترسی هەڵگیرسانی جەنگی ئەتۆمیمان هەبێت”.
ئەوە یەکەم جار نییە بایدن “ناوی خراپ” لە پوتین بنێت، لە بۆنەی دیکەشدا گوتوویەتی، “ئەو کابرایە خوێنڕژە یان تاوانباری جەنگە”.
لەلای خۆشییەوە، دیمتری پێسکۆف، گوتەبێژی کریملن لە وەڵامی قسەکانی بایدندا گوتوویەتی، “ئەو قسە ناشیرینانەی بایدن عەیبە بەسەر ئەمریکادا دەهێنن”.

 

 

 

 

عەرەب

شەڕی ئێسکشکاندن لەنێو گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراقدا دەستیپێکردووە

گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراقدا، بەتایبەتییش رێکخراوی بەدر وعەسائیبی ئەهلی حەق کەوتوونەتە نێو شەڕی شکاندنی ئێسکی یەکترییەوە، هەریەکەیان دەیەوێت خۆی سەرکردایەتیی چوارچێوەی هەماهەنگی بکات، ئەمەش وادەکات کایەی خەونەکانی هادی عامری بەرتەسکتر ببنەوە، عامری دەیەوێت خۆی سەرکردایەتیی هاوپەیمانێتیەکەیان بکات، بەڵام لەسەر ئاستی چەند پارێزگایەکی عێراقدا تووشی شکست هاتووە.
پەیمانگای واشنتن بۆ توێژینەوە لەبارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، راپۆرتێکی لەو بارەیەوە هەیە و دەڵێت، مانگی شوبات بۆ عامری و بزووتنەوەی بەدر پڕ ئازار بووە، چەند گرووپێکی چەکداری دیکەش هەن، کە ئێران پشتگیرییان دەکات و توانیویانە کێشە و کەرتبوون لەناو بەدردا درووست بکەن.

 

 

 

قودسی عەرەبی

کۆمەڵەی جی-20 پشتگیریی چارەسەری دوودەوڵەت دەکەن

ماورۆ فیێرا، وەزیری دەرەوەی بەرازیل رایگەیاند، کۆدەنگییەک لەنێوان ئەندامانی کۆمەڵەی جی-20 هەیە بۆ پشتیوانیکردنی چارەسەری دوودەوڵەت، دەوڵەتێک بۆ ئیسرائیل و دەوڵەتێک بۆ فەلەستین.
لێدوانەکانی فیێرا لە کاتێکدان دوێنێ لە ریۆدی جانێرۆی پایتەختی بەرازیل، کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئەو کۆمەڵەیە کۆتاییهات.
فیێرا بە رۆژنامەنوسەکانی گوت، جی-20 جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە تاکە چارەسەر بۆ ململانێی نێوان ئەو دوو وڵاتە، چارەسەری دوو دەوڵەتە، تەواوی وەزیرەکان لەو بارەیەوە هاوڕابوون و کۆدەنگیی 20 وڵات زۆرە و دەبێت قسەکانیان کاریگەری هەبێت.

 

 

 

 

عەرەبی جەدید

گفتوگۆکان لەبارەی ئاگربەست و بارمتەکان گەڕاونەتەوە بۆ پاریس

نوێنەرانی ئەمریکا، قەتەر و میسر بۆ گفتوگۆکردن چوونەتەوە پاریس، چاوەڕوانن دڵنیایی وەربگرن لەوەی نوێنەرانی ئیسرائیلیش دەچنە ئەوێ. برێت مەکگۆرک بە بەرپرسانی ئیسرائیلیی گوتووە، گفتوگۆکان لەگەڵ حەماسدا هەندێک چوونەتە پێشەوە، سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت مەرجی بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکان رێگەدانە بە هێرشی زەمینی، لەکاتێکدا 19 ئاژانسی جیهانی داوا دەکەن ئەو پەلامارە نەدرێت، نەوەک کارەساتی گەورەی مرۆیی رووبدات.

 

 

 

رۆژنامە ئینگلیزییەکان

 

 

واشنتن پۆست

بایدن پێشوازی لە ژن و کچەکەی ئەلێکسی ناڤاڵنی کرد

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی پێنجشەممە لە سان فرانسیسکۆ پێشوازی لە ژن و کچەکەی ئەلێکسی ناڤاڵنی کرد و سەرەخۆشی لێکردن. ئەم پێشوازیکردنە پاش ئەوە دێت، تیمی پشتیوانیکردن لە ئەلێکسی ناڤاڵنی رایانگەیاند، راپۆرتی پزیشکیی هۆکاری مردنەکەیان بینیوە و تیایدا هاتووە، ناڤاڵنی بە نەخۆشیی ئاسایی مردووە.
تیمەکە و خێزانەکەشی لەو بڕوایەدان، ناڤاڵنی نەمردبێت، بەڵکو کوژرابێت، هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە، بەرپرسانی رووسیا ئامادە نیین تەرمەکەی ئاشكرا بکەن، چونکە نایانەوێت بەڵگە بخەنە دەستی خەڵکەوە. لەمڕووەوە بایدن گوتوویەتی ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی روسیا بەرپرسیارێتیی مردنەکەی ناڤاڵنی هەڵدەگرێت.

 

 

 

گاردیەن

بینینی پزیشکە تایبەتییەکەت پەستانی کارکردنت لەسەر کەمدەکاتەوە

لە بەریتانیا هەموو خێزان و تاکەکەسێک پزیشکی تایبەتی هەیە و پێی دەگوترێت “جی پی”، جی پی، مانای پسپۆریی گشتی دەدات و هەر پزیشکێک دۆسیەی تەندروستیی چەند خێزانێکی لەلایە.
لێکۆڵینەوەیەکی نوێ ئەنجامدراوە و دەڵێت، ئەگەر لە هەموو سەردانکردنێکی نەخۆشخانەدا مرۆڤ هەمان پزیشک ببینێتەوە، پەستانە تەندروستییەکانی کەم دەبنەوە و تەندروستیشی باشتر دەبێت، بەڵام لە بەریتانیادا بینینی پزیشک رێوشوێنی زۆری دەوێت و ئاسان نییە، بەتایبەتییش بۆ ئەو نەخۆشانەی دەیانەوێت تەنها بۆ راوێژپێکردن پزیشکەکانی خۆیان ببینن.
لە بەریتانیا پزیشكەکان زوو وازدەهێنن و بە گەنجی خۆیان خانەنشین دەکەن، زۆربوونی پەستانی کارکردن لەسەر ئەوانی دیکە وادەکات ئەوانیش بەزوویی نۆڕینگەکانیان دابخەن و بڕۆنەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی ساڵی 2023، بۆ ئەوەی بتوانیت ماوەی زیاتر لە چارەکێک لەگەڵ پزیشکێکدا دابنیشیت و پرسی پێبکەیت، دەبێت سەرەبگریت و 28 رۆژ چاوەڕوان بیت تا سەرەت دێت.

 

 

 

فاینانشڵ تایمز

گووگڵ چالاکییەکانی بەشی وێنەخەمڵاندن لە پرۆگرامی ژیریی دەستکردی جیمینیی رادەگرێت

گووگڵ بە شێوەیەکی کاتی مۆدڵی جیمینیی راگرتووە. ئێستا ناهێڵێت پرۆگرامەکە وێنە بۆ خەڵک دروست بکات، لەبەرئەوەی هەندێک رەگەز و گەلی جیاوازی لێ تێکەڵ بووە.
جیمینی پرۆگرامێکی ژیریی دەستکردی گووگڵە، شێوەی کاردنی لە (ئۆپن ئەی ئای) و (چات جی پی تی) دەچێت، خەڵک بە وشە شتی بۆ دەنووسن و داوای لێدەکەن وێنەیان بەگوێرەی وەسفی نووسینەکە بۆ درووست بکات، ئەویش درووستی دەکات، بەڵام هەندێک جار دەکەوێتە هەڵەوە. لەم رۆژانەدا داوای لێکراوە وێنەی سەربازێکی ئەڵمانیی ساڵانی جەنگی جیهانیی دووەم درووست بکات، کەچی ئەو وێنەیەی ئەو دروستی کردووە هیی سەربازێکی ژاپۆنی بووە.

 

 

 

عەرەب نیوز

کەشتییەکی بارهەڵگری بەریتانی لە دەریای سوور دوو مووشەکی حوسییەکانی بەرکەوت و ئاگری گرت

کەشتییەکی بارهەڵگری بەریتانی لە دووریی 70 میلی دەریایی لە باشووری رۆژهەڵاتی بەندەری عەدەنەوە رۆیشتووە، رۆژی پێنجشەممە دوو مووشەکی بالیستیی حوسییەکانی بەرکەوتووە و ئاگری گرتووە. کەشتییەکە ئاڵای دوورگەی پالاوی بەرزکردووەتەوە، بارێکی پێبووە لە تایلەند سەریخستووە بیبات بۆ میسر.
حوسییەکان گرووپێک چەکداری نێو یەمەنن، لەلایەن ئێرانەوە پشتگیرییان لێ دەکرێت، لە مانگی تشرینی دووەمی رابردووەوە هەر کەشتییەک بە نێو دەریای سووردا تێپەڕببێت حوسییەکان هێرشی دەکەنە سەر.

رۆژنامە تورکییەکان

 

 

 

یەنى شەفاق

سوید چالاکییەکانى پەکەکە سنووردار دەکات

کارۆڵێت فۆن ئیسن، سەرۆکى هەواڵگریی سوید رایگەیاند، زنجیرەیەک هەنگاوى نوێیان گرتووەتەبەر بۆ رێگریکردن و بەرتەسککردنەوەى چالاکییەکانى پەکەکە لە وڵاتەکەیاندا.
فۆن ئیسن راشیگەیاندووە، وڵاتەکەی ویستى ئەوەى هەیە تەواوى چالاکییەکانى پەکەکە لەنێو خاکى سویددا قەدەغە بکات.

 

 

 


میللیەت

نرخى ئاو لە ئیستەنبوڵ گران بووە

لە ئیستەنبوڵ نرخى 19 لیتر ئاوى بەلوعە بە 0.45 لیرە دیاریکراوە. نرخى دەبەیەکى 20 لیترى ئاوى خواردنەوەش بە 100 لیرە دەفرۆشرێت، دەکاتە زیاتر لە سێ دۆلار.
هۆکارى گرانبونى نرخى ئاوى دەبە دەگەڕێتەوە بۆ هۆکارەکانى گواستنەوە، کرێى کرێکار و نرخی بارکردن.

 

 

 

ئەڤرەنسەل

لە زنجیرە تورکییەکاندا پێگەى ژن پشتگوێ خراوە

لە زنجیرە تەلەفیزیۆنییەکاندا، بەشێوەیەکى گشتی کارەکتەرى ژن بە لاوازى و بە تاکێکى مافخوراو پیشاندەدرێت. چیرۆکى ئەو ژنانە پیشان نادرێت بۆ ژیان تێدەکۆشن و خاوەن بیر و پێگەى خۆیانن. هەروەها کەس ناڵێت ئێوە کێن بەو جۆرە پێگەى ژن بە لاوازى پیشاندەدەن.

 

 

 

 

ئایدنڵک

لەمێژە هاوپەیمانى جەهەپە و دەم پارتى بوونى هەیە

جەهەپە لەژێر ناوى (رێککەوتن لەسەر ئاستى پارێزگاکان) هاوپەیمانیی لەگەڵ دەم پارتیدا هەیە. ئەمەش لە روانگەى پێکهاتە و نەتەوەوە کاریگەریی لەسەر ئەو کاندیدانە هەبوو کە دەستنیشانیان کردووە.
جەهەپە لە هەڵبژاردنى 2023ـدا بەهەمانشێوە هاوپەیمانى لەگەڵ دەم پارتى هەبوو و شکستى هێنا، وادیارە جەهەپە تائێستا وانەى لە هەڵەکانى رابردووى وەرنەگرتووە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button