کاندیدى دەم پارتى بۆ گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ: ئاساییە لەگەڵ پارتەکان دیدار بکەین

زووم..

 

مەرال بێشتاش، کاندیدى دەم پارتى بۆ گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ دەڵێت، سێیەم گەورەترین فراکسیۆنی نێو پەرلەمانی تورکیان، بۆیە زۆر ئاساییە لەگەڵ پارتە سیاسییەکاندا دیدار ئەنجام بدەن.

دوێنێ ئۆزگور ئۆزاڵ سەرۆکى جەهەپە، دەم پارتی بەوە تۆمەتبار کرد، ستراتیژی خۆی گۆڕیوە و لەگەڵ ئاک پارتى دیداری هەیە و کاردەکات بۆ ئەوەی جەهەپە ئەو شارەوانییانە لەدەستبدان، کە ساڵی 2019 بەدەستیهێناون، ئەمڕۆ کاندیدەکەى دەم پارتى بۆ گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ بوونی ئەو دیدارانەی بە ئاسایی ناوبرد، گوتی سێیەم هێزی تورکیان و دەرگایان بەڕووی هەموو لایەنەکاندا کراوەیە بۆ کۆبوونەوە و دیدار.

بێشتاش ئەو قسانەی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی مێزۆپۆتامیا کردووە، گوتی، تا دواسات لەگەڵ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، موراد قوروم و کاندیدەکانى دیکە رکابەریى لەسەر گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ دەکەن.

کاندیدەکەی دەم پارتی راشیگەیاند، “رۆژانى داهاتوو تەواوى رەخنەکانم لەسەر پێنج ساڵى سەرۆکایەتیکردنی شارەوانیی ئیستەنبوڵی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو ئاشکرادەکەم، بەتایبەت لە بوارى خزمەتگوزاریی لە زمانى کوردیدا و کێشەى هەژاران لە پارێزگاکە”.

هەواڵی زیاتر

Back to top button