مەسرور بارزانى و قوباد تاڵەبانى دەچنە هەڵەبجە

زووم:

ئەمڕۆ، مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان و قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکوەزیران دەچنە پارێزگاى هەڵەبجە بۆ دانانى بەردی بناغەی پڕۆژەی دروستکردنی پردی توەقوت لە سنوورەکە.

بەگوێرەى فەرمانگەى میدیا و زانیارى، مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانى، کاتژمێر 1:00ـى پاشنیوەڕۆ بەردی بناغەی پڕۆژەی دروستکردنی پردی توەقوت دادەنێن.

ئەو پردەى بەردى بناغەى دادەنرێت هەڵەبجە بە قەزای شارەزوور و ناوچەی گەرمیانەوە دەبەستێتەوە.
هەر ئەمڕۆ لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆى هەڵەبجە بڕیار لە تابلۆی ئۆتۆمبێلی تایبەت بە پارێزگای هەڵەبجە بە کۆدی ژمارە 23 بدرێت .

کاوە على، جێگرى پارێزگارى هەڵەبجە لەراگەیاندراوێکدا دەڵێت، دروستکردنی رێگای ھەڵەبجە-تووەقوت-قلیجە و پردی تووەقوت، بە گوژمەی 30 ملیار و 345 ملیۆن و 547 هەزار دینار لەسەر بودجەی وەبەرھێنانى ساڵی 2021 دروست دەکرێت و دەبێت لە ماوەکەى 730 رۆژدا تەواو بکرێت.

ئەم پڕۆژەیە چەند ساڵ لەمەوبەر بڕیاری دروستکردنی درا، بەڵام بڕیارەکە نەکەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و راگیرا.

هەواڵی زیاتر

Back to top button