لە ئێران بێکاری لە نێو دەرچووانی زانکۆ زیاترە لە خەڵکی ئاسایی

لە ئێران پێنج هەزار هەڵگری دکتۆرا بێکارن

زووم:

لە کاتێکدا یەکێک لە مەبەستەکانی خوێندن و تەواوکردنی زانکۆ و پەیمانگا، دەستخستنی کار و دامەزراندنە، بەڵام لە ئێران پێچەوانەیە و دەرچووان و هەڵگرانی بڕوانامە کەمتر کاریان دەست دەکەوێت.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی ئیسنا، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی سیاسەت و پلاندانانی وەزارەتی کاری ئێران رایگەیاندووە، ئەمساڵی هەتاوی رێژەی بێکاری لە ئێران 7.6% بووە، بەڵام رێژەگە لەناو دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان بەرزترە و دەگاتە 11.4%.

دۆخەکە تەنها بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی دبلۆم و بەکالۆریۆس وانییە، نزیکەی پێنج هەزار دەرچووی دکتۆرا نەیانتوانیوە کار بدۆزنەوە، بۆیە بەرپرسەکەی وەزارەتی کاری ئێران گوتی، رێژەی بێکاریی دەرچووان زیاترە لە رێژەی بێکاریی گشتی.

رێژەی بێکاری، واتا هەموو ئەو کەسە چالاکانەی کۆمەڵگا کە توانای کارکردنیان هەیە و بەدوای کاردا دەگەڕێن، رێژەکەش کاتێک کەمدەکرێتەوە، کە ئەو کەسانەی بەدوای کاردا دەگەڕێن کار بدۆزنەوە، یان وازبێنن لە گەڕان بەدوای کاردا.

لە ئێران، زیاتر حاڵەتی دووەم روودەدات و ئەوانەی بەدوای کاردا دەگەڕێن، بێ ئەوەی کاریان دەستبکەوێت کۆڵدەدەن، ئەوکات وەکو بێکار ناخرێنە ناو ئامارەکانی بێکارییەوە، ئەگەرنا رێژەی بێکارییەکە بەرزتر دەبوو.

بۆ نموونە، لە چوار ساڵی رابردوودا نزیکەی 3 ملیۆن کەس زیادکراون بۆ ژمارەی ئەو کەسانەی نە کاردەکەن و نە بەدوای کاردا دەگەڕێن، ئەگەر ئەو کەسانە وازیان لە گەڕان بەدوای کاردا نەهێنایە، رێژەی راستەقینەی بێکاری لە ئێران دەگەیشتە زیاتر لە 18%.

ئامارەکانی بانکی نێودەوڵەتی دەریدەخەن، لەنێو وڵاتانی ناوچەکە، تەنها عێراق و یەمەن دۆخی دامەزراندنیان لە ئێران خراپترە.

راپۆرتی نوێی سەنتەری ئاماری ئێرانیش دەریدەخات، 43%ی هەموو ئەو بێکارانەی لە وڵاتەکە بەدوای کاردا دەگەڕێن، بڕوانامەی ئامادەییان هەیە، ئاماژەیەک، دەریدەخات دەرچووانی گەنج لە دۆزینەوەی کاردا رووبەڕووی کێشەی بەرچاو بوونەتەوە و زۆرینەی ئەوانەی بەدوای کاردا دەگەڕێن، گەنجانن.

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button