یەکێتیی ئەوروپا ئۆپەراسیۆنێکی بۆ پاراستنی کەشتییەکانی دەریای سوور راگەیاند

زووم:

یەکێتیی ئەوروپا دەست بە ئۆپەراسیۆنێکی دەریایی بۆ پاراستنی کەشتییەکانی دەریای سوور دەکات و لە کەناراوەکانی یەمەن هێرشی موشەکی کرایە سەر کەشتییەکی ئەمریکی.

ئۆرسولا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، بەفەرمی دەست بە ئۆپەراسیۆنێک کراوە بۆ پاراستنی کەشتییەکانی دەریای سوور لە هێرشی حوسییەکانی یەمەن.

بەرپرسەکەی یەکێتیی ئەوروپا وردەکاریی زیاتری لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکەوە ئاشکرا نەکرد، بەڵام گوتی، لەوبارەیەوە لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان کاردەکەین.

ئۆپەراسیۆنەکەی یەکێتیی ئەوروپا پەیوەستە بە هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور، لەو چوارچێوەیەدا ئاژانسی فرانس پرێس لە کۆمپانیای “ئەمبری” تایبەت بە دەریاوانی گواستووەتەوە، کەشتییەکی بارهەڵگری ئەمریکا لە کەناراوەکانی یەمەن داوای هاوکاریی سەربازیی کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی لە دووریی 93 مایل لە رۆژهەڵاتی کەنداوی عەدەنەوە هێرشی موشەکیی کراوەتە سەر.

هێرشەکە لەکتێکدایە، ئەمڕۆ حوسییەکانی یەمەن بەئامانجگرتنی کەشتییەکی بەریتانییان لە کەنداوی عەدەن بە چەند مووشەکێک راگەیاند، گوتەبێژی سەربازیی حوسییەکانی یەمەن گوتی، کەشتییەکە لە کردەیەکی سەربازیدا و بە شێوەیەکی راستەوخۆ و کاریگەر پێکراوە و بە تەواوی لەکارکەوتووە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button