دادگای فیدراڵی دادبینی بۆ سێ سکاڵا دەکات دژی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک

 زووم:

ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵیی عێراق دادبینی بۆ سێ سکاڵای هاوشێوە دەکات کە لە ناوەڕۆکدا داوا دەکەن ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک هەڵبوەشێتەوە بە پاساوی ئەوەی وردبینی لە تۆماری دەنگدەراندا نەکراوە.

سکاڵاکان لەلایەن محەمەد مەهدی ئەمین، سەرۆکی هاوپەیمانیی کەرکوکنای شیعەکان، ئەمیل بتروس قوستەنتین کە کاندیدی کۆتای مەسیحییەکان بوو لە پارێزگای کەرکوک، هەروەها حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمان لە کەرکوک تۆمارکراون.

هەر سێ سکاڵاکە لەدژی سەرۆکی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمارکراون و تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەکەن بە بیانووی ئەوەی کۆمسیۆن لە پێش هەڵبژاردنەکە و بەگوێرەی یاسای ژمارەی چواری ساڵی 2023، تۆماری دەنگدەرانی نوێ نەکردووەتەوە

هەر لە سکاڵاکەدا، ئەو سێ کەسە داوا دەکەن دادگای فیدڕاڵی فەرمانێکی وەلائی دەربکات کە سەرۆکی کۆمسیۆن رەزامەندی لەسەر پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک نەکات تاوەکو یەکلابوونەوەی کەیسەکە لە دادگاکە.

رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، پرۆسەی دەنگدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو، لە کۆی 16 کورسی، یەکێتی و پارتی حەوت کورسییان بەدەستهێنا، عەرەب شەش و تورکمانیش دوو، کورسی کۆتاش بەر مەسیحییەک کەوت.

هەواڵی زیاتر

Back to top button