سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ میسر بە زیانی ئیخوان موسلیمین کۆتاییهات

تورکیا ناسنامە لە کاربەرێکەری رابەری ئیخوان وەردەگرێتەوە

زووم..

 

وەکو چاوەڕوان دەکرا، سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بۆ میسر، بە زیان بۆ ئەندامانی ئیخوان موسلیمین شکایەوە، کە لە دوای کودەتاکەی عەبدولفەتاح سیسی لە 2013ــوە روویان لە تورکیا کردووە.

لە تازەترین هەنگاو دوای سەردانەکەی ئەردۆغان، تورکیا بڕیاریداوە ناسنامە لە “مەحمود حسێن” کاربەرێکەری رابەری گشتیی ئیخوان موسلیمین وەربگرێتەوە و رێگە بە رەخنەگرتن لە حکومەتی میسر نەدات.

بە گوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی عەرەبییە، مەحمود حسێن بەو بڕیارەی زانیوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی تورکیا هۆکارەکەیان پێنەگوتووە، تەنها داوایان لێکردووە، پارێزەکەی رابسپێرێت پەیوەندی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار ببەستێت، بۆئەوەی هۆکارەکەی بزانێت.

هەروەها شوقەیەکی لە ئیستەنبوڵ هەبووە بۆ مانەوە بەکاریهێناوە، ئەویشی فرۆشتووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئیخوان لە گفتوگۆی ئەوەدان، ئەو کێشانە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا چارەسەر بکەن، یاخود بەدوای وڵاتێکی دیکەدا بگەڕێن بۆ نیشتەجێبوون.

هەر لە هەمان بازنەدا، ژمارەیەک سەرکردەی ئیخوان موسلیمین دوای سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ میسر، تورکیایان بەجێهێشتووە، لە نێوانیاندا کادیری باڵا و راگەیاندنکار و خەڵکانی ئەکادیمی هەن، کە لە زانکۆکانی تورکیا وانەیان گوتووەتەوە، ئەمە جگەلەوەی چالاکییەکانیان لە سۆشیال میدیا سنووردار کراوە، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بە رەخنە و هێرش بۆسەر حکومەتی میسر هەیە.

ئەم فشارانەی تورکیا بۆسەر ئیخوان موسلمین سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ مانگێک لەمەوبەر، کاتێک میسر و تورکیا ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانیان راگەیاند و ئاستی پەیوەندیی دیپلۆماسییان بۆ باڵیۆز بەرزکردەوە.

یەکێکی دیکە لە فشارەکانی دەسەڵاتداران بۆسەر ئیخوان، ئەنجامدانی هەڵمەتێکی فراوانی دەستگیرکردنی ئەندامانی رێکخراوەکە بوو، کە بەبیانووی نەبوونی ناسنامە و مۆڵەتی مانەوە، دەیان ئەندامی ئیخوانی دەستگیرکرد، داواشی لە دوو ئەندامی دیکە کرد تورکیا بەجێبهێڵن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button