ئەنجومەنی ئاسایش دەنگ لەسەر راگرتنی جەنگی غەزە دەدات و ئەمریکاش ڤیتۆی دەکات

 زووم:

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەیەوێت هەوڵێکی دیکە بداتەوە بۆ وەستاندنی ئەو کارەساتە مرۆییەی لە غەزە درووستبووە، بەڵام ئەمجارە ئەمریکا دەڵێت ڤیتۆ بەکاردەهێنێت بۆ پووچەڵکردنەوەی.

لە پڕۆژەیاساکەیدا جەزائیر داوا دەکات بەزوویی ئاگربەست لە غەزە رابگەیەندرێت و کۆتایی بە راگواستنی زۆرەملێی فەڵەستینییەکان بهێنرێت و سنوورێک بۆ پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکان دابنرێت.

بڕیارە رۆژی سێشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەنگ بە پڕۆژەیاساکە بدات، بەڵام هەرزوو ئەمریکای هەڕەشەی بەکارهێنانی ڤیتۆی کرد بۆ رێگریکردن لە پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە.

ئەمریکا و ئیسرائیل رەخنە لەم پڕۆژەیاسایە دەگرن و دەڵێن، لە پڕۆژەیاساکەدا سەرکۆنەی هێرشەکەی 7ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووی حەماس بۆسەر ئیسرائیل و هەڵگیرساندنی شەڕەکە نەکراوە.

لیندا تۆماس، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان گوتی، “ئەم هەنگاوەی جەزائیر هەڕەشەیە بۆسەر دانوستانەکانی ئیسرائیل و حەماس بە نێوەندگیری ئەمریکا، میسر و قەتەڕ بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەزە و ئازادکردنی بارمتە دەستبەسەرکراوەکان لە غەزە و بارمتە بەندکراوەکانی فەڵەستین لە ئیسرائیل.

جەختیکردەوە کە هەر بەو هۆکارە ئەمریکا پشتیوانی لەم پڕۆژەیاسایە ناکات و هەڕەشەی پەنابردنەبەر “ڤیتۆ”ی کرد و دەڵێت، ئەگەر بگەنە ئەو حاڵەتەی دەنگ بەم رەشنووسە بدرێت، ئەوا رێگری لێدەکەن و پەسەندناکرێت.

چەند رۆژێک لەمەوبەر ریاز مەنسور، باڵیۆزی فەڵەستین لە نەتەوەیەکگرتووەکان گوتی، لەبەر هۆکارە مرۆییەکان، ئیتر ئێستا کاتی ئەوەیە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیارێکی یەکلاکەرەوە لەبارەی ئاگربەستی غەزە بدات.

هەواڵی زیاتر

Back to top button