دادگای فیدڕاڵی دادبینی بۆ چوار سکاڵای پەیوەست بە هەرێمی کوردستانەوە دەکات

 زووم:

ئەمڕۆ جارێکی دیکە دادگای فیدڕاڵی دادبینی بۆ چوار سکاڵای پەیوەندیدار بە هەرێمی کوردستانەوە دەکات کە گرنگترینیان تایبەتە بە یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێم.

بەگوێرەی زانیارییەکانی زوومی بەغداد، کاتژمێری 1ی دوای نیوەڕۆ دانیشتنی دادگا دەستپێدەکات، سکاڵای یەکەمی لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعون، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کە تیایدا داواکراوە ماددەکانی (1 و 9 و 15 و 22 و 36) لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە نا دەستووری دابنرێت کە تایبەتن بە بازنەی هەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان.

ئەوە یانزەهەمین دانیشتنی دادگاکە لەسەر ئەو پرسە، سەرۆکایەتی هەرێمیش چاوەڕێی یەکلاییبوونەوەی سکاڵاکە دەکات تاوەکو بۆجاری دووەم وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بابەتەکە تایبەت بە زوومی راگەیاند، چاوەروان دەکرێت ئەمرۆ دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتایی لەسەر یاسای هەڵبژاردن بدات.

بڕیارە هەر ئەمرۆ دادگا دادبینی بۆ سکاڵایەکی دیکە بکات کە سێ فەرمانبەری هەرێمی کوردستان لەدژی هەردوو سەرۆکوەزیرانی هەرێم و سەرۆکوەزیرانی عێراق تۆماریان کردووە لە بەرامبەر پێنەدانی مووچەی مانگەکانی تەموز و ئابی ساڵی رابردوو، سکاڵاکاران داوایان کردووە حکومەتی هەرێم پابەند بکرێت بە پێدانی ئەو مووچانە.

جیاواز لەوەش، بڕیارە دادگا دادبینی بۆ سکاڵایەکی دیکە بکات کە لەلایەن مستەفا سەنەد، پەرلەمانتارێکی شیعە تۆماریکراوە دژی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان.

هەواڵی زیاتر

Back to top button