گولتەن کشەناک لە زیندانەوە کاندیدی دەم پارتییە بۆ گەورەشارەوانیی ئەنقەرە

 زووم:

کەمتر لە مانگ و نیوێک ماوە بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکان لە باکوورى کوردستان و لە تورکیا، دەم پارتى کاندیدەکانى بۆ 14 پارێزگاى دیکە ئاشکرا کردووە و گوتەبێژى پارتەکەش دەڵێت، تائێستا دیدارەکانیان بۆ رێککەوتن لەسەر ئاستى پارێزگاکان بەردەوامە.

دوو رۆژی دیکە، واتە 2ی شوبات، دوا وادەیە بۆ پێشکەشکردنی ناوی کاندیدەکان، لەناو ئەو 14 کاندیدە تازەیە، کاندیدی گەورەشارەوانی ئەنقەرەی تێدایە کە کێبرکێی توندی لەسەر، لە ژمارەى ئەمڕۆى رۆژنامەى جمهورییەت هاتووە، دەم پارتى بۆ یەکەمجار کاندیدى بۆ گەورەشارەوانیی ئەنقەرە هەیە.

ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژى دەم پارتى بە رۆژنامەکەی گوتووە، هەریەک لە ئۆزتورک تورکدۆغان، سەرۆکى پێشووى رێکخراوى مافى مرۆڤ و گولتەن کشەناک، هاوسەرۆکى پێشووى گەورە شارەوانى ئامەد، وەک هاوسەرۆکى گەورەشارەوانى ئەنقەرە کاندید کراون.

گولتەن کشەناک، ژنە سیاسەتکارى ناودارى کوردە و ئەندامى پێشووى هەدەپەیە، دەربارەى کاندیدبونى بۆ ئەنقەرە، لە گرتوخانەى قۆجەیەلى نامەیەکى نوسیوە  و تێیدا هاتووە، گەلە بەڕێزەکەمان، دەمەوێت هەموو لایەک ئەوە بزانێت کاندیدکردنى من گەورەشارەوانى ئەنقەرە، لە روانگەى بەرپرسیارێتیمانەوە بۆ پرسى کورد گرنگە.

دەشڵێت، پرسى کورد و پرسی ژن، لە سیاسەتەکانى ئەنقەرەوە سەرچاوەى گرتووە، هەربۆیە گفتوگۆکردن لە ئەنقەرە بۆ چارەسەرى پرسەکان بە گرنگ و بە پێویست دەزانم. لێرە بەدواوە لە ئامەدەوە بۆ ئەنقەرە، لەوێشەوە بۆ سەرتاسەری تورکیا خەبات بۆ ئاشتەوایی کۆمەڵایەتى دەکەین.”

ئەو کاندیدانەی دەم پارتی رایگەیاندوون تایبەتن بە شارەکانى ئەنقەرە، رووها، دیلۆک، مەڵەتی، بورسە، قۆنیە، قۆجەیەلى، ئایدن، ئۆسمانیە، کیلس، سەمسور، دێرسیم و خارپێت و قەزایەکى سەربە قۆجەیەلى.

رۆژنامەى ئەکشام لە راپۆرتێکدا دەڵێت، پێدەچێت لەم هەڵبژاردنەشدا جەهەپە و دەم پارتى هەماهەنگییان بەردەوام بێت، هەربۆیە ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژى دەم پارتى رایگەیاند، دیدارەکانیان بۆ رێککەوتن لەسەرئاستى پارێزگاکان بەردەوامی هەیە.

ئەکشام دەشڵێت، جەهەپە، بەهۆى دەم پارتییەوە کاندیدەکەى ناوچەى ئەسانیورتى ئیستەنبوڵى گۆڕیوە و کاندیدێکى دیکەى داناوە، کە پێشتر لەلایەن دەم پارتییەوە پشتیوانى لێکراوە.

هەروەها دەم پارتى رێککەوتنى لەگەڵ پارتى کرێکارى تورکیا لە دێرسم ئیمزاکرد، بەڵام تائێستا هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ جەهەپە ئاشکرانەکراوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button