حەماس: جگە لە ئاگربەست و کشانەوە لە غەزە، هیچ شتێکی دیکە قبوڵ ناکەین

زووم:

ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی حەماس جەختیکردەوە بە کەمتر لە ئاگربەستی گشتگیر و کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەزە و شکاندنی گەمارۆی سەر کەرتی غەزە رازی نابن و هیچ جۆرە رێککەوتنێکی دیکە قبوڵ ناکەن.

ئیسماعیل هەنیە لە راگەیەنراوی ئەمڕۆیدا ئیسرائیلی بە بەرپرس زانی لە دواکەوتن و نەگەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست و جەختیکردەوە کە سازش ناکەن لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ باکوری کەرتی غەزە و گوتی، دەبێت کۆتایی بە سیاسەتی برسیکردن و گەمارۆ بهێنرێت کە ئیسرائیل لە سەرەتای جەنگەوە پیادەی کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد کە “حەماس بە رۆحێکی ئەرێنی و بەرپرسیارانەوە مامەڵە لەگەڵ دانووستانەکانی ئێستا دەکات و قوربانیدانی گەلی فەڵەستین و دەسکەوتەکانی موقاوەمە فەرامۆش ناکات”.

دەشڵێت، “ئازادکردنی زیندانییانی فەڵەستینی بەتایبەت ئەوانەی سزای زۆریان هەیە یەکێکە لە ئامانجەکانی دانووستانەکان و ناکرێت پشتگوێ بخرێت.”

دوو هەفتە لەمەوپێش، حەماس وەڵامی پێشنیازنامەی ئاگربەستی دایەوە کە ئەمریکا و قەتەر و میسر نێوەندگیری دەکەن و داوای کشانەوەی تەواوەتی ئیسرائیلی لە غەزە کرد لەگەڵ ئاڵوگۆڕی زیندانیان، بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل داواکارییەکانیان بە وەهمی ناوبرد و هەرزوو رەتیانکردەوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button