گوهدار زێباری ئازادکرا

گوهدار زێباری، یەکێک لە رۆژنامەنووسە دەستگیرکراوەکانی بادینان ئازادکرا.

زووم..

 

بەشدار حەسەن پارێزەری زیندانیانی بادینان بە زوومی راگەیاند، کەمێک لەمەوپێش گوهدار زێباری ئازادکرا، دوای ئەوەی ماوەی سزاکەی تەواوکرد.

زێدان زێباری برای گوهدار زێباری ئازاکردنەکەی گوهداری بۆ زووم دووپاتکردەوە، گوتی، “ئازادکراوە و بەیەکەوەین”.

گوهدار زێباری یەکێک بوو لە رۆژنامەنووسە دەستگیرکراوەکانی بادینان، ساڵی 2021، لەگەڵ چوار چالاکوان و رۆژنامەنووسی دیکەی بادینان، لەلایەن دادگای تاوانەكانی هەولێرەوە تۆمەتی “سیخوڕی و تێکدانی ئاسایشی گشتی”یان خرایە پاڵ و بە شەش ساڵ زیندانی سزادران، بەڵام دواتر و لە مانگی شوباتی 2022 سەرۆکایەتیی هەرێم فەرمانی بە کەمکردنەوەی سزاکانی چوار لە زیندانیکراوان دا بەڕێژەی 60%، سزای شێروان شێروانیش 50% کەمکرایەوە.

دەبوو گوهدار مانگی ئازاری 2023 ئازادبکرایە، بەڵام دادگای کەتنی هەولێر، بەتۆمەتی “گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەکەی” و “هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت”، سزای حەوت مانگ زیندانیی بەسەردا سەپاند.

بەشدار حەسەن پارێزەری زیندانیانی بادینان بە زوومی راگەیاند، ئێستا تەنها شێروان شێروانی لە زیندان ماوە، بڕیارە مانگی ئازاری ساڵی داهاتوو سزاکەی تەواو بکات و ئازاد بکرێت.

هەواڵی زیاتر

Back to top button