رێکخراوی هەنگاو: لە جوانڕۆ 10 منداڵ دەستبەسەرکراون

زووم..

 

لە جوانڕۆی رۆژهەڵاتی کوردستان چەند منداڵێک دەستگیرکراون، بەهۆی ئەوەی ماوەی رابردوو کاتێک هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران لە جامی نەتەوەکانی ئاسیا دۆڕا، خۆشحاڵییان دەربڕیوە.

بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەوانەی لە شاری جوانڕۆ دەستگیرکراون، لانی کەم 10 منداڵن، دوای دۆڕاندنی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران بەرامبەر قەتەر، خۆشحاڵییان دەربڕیوە، بۆیە دەستبەسەر کراون.

تائێستا تەنها ناسنامەی دوو کەس لەو دەستبەسەرکراوانە ئاشکرا بووە بە ناوەکانی “محەمەد یوسفی” تەمەن 17 ساڵ و “محەمەد مەحمودی”، تەمەن 16 ساڵ، بەڵام شوێنی بەندکران و دۆخی ئەو منداڵانە دیار نییە.

هەفتەی رابردووتر هەڵبژاردەی ئێران لە جامی ئاسیا بە قەتەر دۆڕا، بەشێک لە هاوڵاتییان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران، بە تارانی پایتەختەوە، خۆشحاڵییان دەربڕی، ئەوەش کاردانەوەی حکومەت و هێزە ئەمنییەکانی بەدوای خۆی هێنا.

پێشتریش کاتێک لە مۆدنیالی 2022ی قەتەر ئێران بە ئەمریکا دۆڕا و دەرکرا، بەهەمانشێوە بەشێک لە ئێرانییەکان خۆشحاڵییان دەربڕی.

هەواڵی زیاتر

Back to top button