چەند بەرپرسێکی نێودەوڵەتی هۆشداری دەدەن و دەڵێن جموجوڵەکانی داعش زیادیان کردووە

رۆژنامە عەرەبییەکان

 

 

 

 

شەرقولئەوسەت

چەند بەرپرسێکی نێودەوڵەتی هۆشداری دەدەن و دەڵێن جموجوڵەکانی داعش زیادیان کردووە

ژمارەیەک کاربەدەستێکی نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری دەدەن و دەڵێن، بەدواییانە داعش بووە بە هەڕەشەیەکی جدی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەناری دەریای ناوەڕاست و هێشتا نیازی ئەوەی ماوە لە دەرەوە چەند پەلامارێک ئەنجام بدات.
ڤلادیمێر ڤۆلۆنکۆف، بریکاری رازگری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ بنەبڕکردنی تیرۆر دەڵێت، هێشتا ئەو گرووپە هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆسەر ئاسایش و ئارامیی نێودەوڵەتی و هەستیش دەکرێت جموجوڵیان لە شوێنە کۆنەکانی خۆیان لە عێراق و سوریا و باشووری ئاسیاش زیادیان کردووە.
ڤۆڵۆنکۆف راپۆرتێکی لەبارەى مەترسییەکە پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد و تێیدا داعشی وەک هەڕەشەیەکی راستەقینە ناوبرد و داوای لە وڵاتە ئەندامەکان هاوکاربن بۆ لەناوبردنی ئەم هەڕەشەیە.

 

 

عەرەب

میسر چەند رێوشوێنێکی گرتووەتەبەر، کە هاوسەنگیی نێوان رۆڵی مرۆڤدۆستانەی خۆی و بەرژەوەندییە ئەمنییەکانیشی دەپارێزێت

چەند سەرچاوەیەکی میسری بە رۆژنامەی عەرەبیان گوتووە، وڵاتەکە لە ناوچەی باکووری سینا چەند رێوشوێنێکی لۆجیستییانەیان گرتووەتەبەر و دەیانەوێت ئامادەیی خۆیان بۆ هەموو ئەگەرەکان وەربگرن، چاودێریی ئەوە دەکەن بزانن رەوشی کەرتی غەزە بە کوێ دەگات. چونکە ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر رەفەح و باشووری کەرتەکەدا و پەنابەران روویان لە دیوی ناوەوەی سنووری میسر کرد، میسریش لەبەر هۆکاری مرۆیی ناتوانێت رێگرییان لێ بکات.
فیلیپۆ گراندی، کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، ناچاربوونی فەلەستینییەکان بۆ پەنابردن بەرەو سنووری میسر کارەساتە، چونکە زۆربەیان ئێستاش لەنێو رەفەح هەر پەنابەرن.

 

 

 

عەرەبی جەدید

هێزی داگیرکەر نەخۆشەکانیش دەکوژێت و وەرزی کۆچکردنیش لە رەفەحەوە دەستیپێکردووە

رۆژنامەى عەرەبی جەدید باس لەوە دەکات ژمارەیەکی زۆر لەو ئاوارانەی پەنایان بە رەفەح بردبوو، ئێستا ناچارن بە پێچەوانەوە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانى پێشوویان لە ناوەڕاستی کەرتی غەزە، ئەگەرچی ناوچەکانی پێشوویان وێران بووە و کەڵکی ژیانکردنی تێدا نەماوە.
بەگوێرەى رۆژنامەکە دوێنێ لە شاری پزیشکیی ناسر کارەبا بڕاوە و ئامێرەکانی دابینکردنی ئۆکسجین بۆ نەخۆشەکان پەکیان کەوتوە، بەم هۆکارە پێنج نەخۆش گیانیان لەدەستداوە.
هاوکات گوتەبێژی حەماس، گوتویەتی، ئەو دیلانەی ئیسرائیل لەلای ئەوانن رەوشیان خراپە و لە شەڕی مان و نەماندا دەژین.

 

 

 

قودسی عەرەبی

رۆژئاوا بەرپرسیارێتی مردنی ناڤالنی دەخاتە ئەستۆی مۆسکۆ و حکومەتی روسیاش هۆشداری دەدات بە خەڵکی پایتەخت نابێت خۆپیشاندان بکەن

دوێنێ هەینی ئەلێکسی ناڤالنیی کەسایەتیی ئۆپۆزسیۆنی روسیا لەنێو زیندانێکی ناوچەی جەمسەری باکووردا کۆچی دواییکرد. مردنی لە کاتێکدایە، ماوەی تەنها یەک مانگی ماوە بۆئەوەی ماوەی فەرمانڕەواییکردنی پوتین بۆ جارێکی دیکە درێژ بکرێتەوە.
دەستەڵاتدارانی روسیا هیچ روونکردنەوەیەکیان لەبارەی هەلومەرجەکانی مردنی ناڤالنییەوە باس نەکردووە، بەڵکو بە راگەیەندراوێکى کورتدا گوتویانە هەرشتێکیان لەدەست هاتبێت ئەنجامیان داوە بۆئەوەی نەهێڵن بمرێت، بەڵام کار لەکار ترازاوە.
حکومەتی ئەو وڵاتە خەڵکی مۆسکۆیان ئاگادارکردووەتەوە، نابێت بە هیچ شێوەیەک بە هۆکاری مردنی ناڤالنی خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت بکەن.

رۆژنامە ئینگلیزییەکان

 

 

 

 

دەیلی تەلەگراف

دەبێت پوتین باجی کوشتنی ناڤالنی بدات

دوای مردنی ئالێکسیی ناڤالنی، سەرکردەی دیاری ئۆپۆزسیۆنی روسیا، لە زینداندا، سەرکردەکانی جیهان حکومەتى روسیا بە سەرۆکایەتیی ڤلادیمیر پوتین تۆمەتبار دەکەن و دەڵێن، دەبێت ئەو باجەکەی بدات. مردنی ناڤالنی 47-ساڵ دوای نەخۆشکەوتنی دێت لە زینداندا.
زیندانەکە دەکەوێتە ناوچەیەکی جەمسەری باکووری گۆی زەوی، 1200 کیلۆمەتر دوورە لە باکووری رۆژهەڵاتی مۆسکۆ.
لەوبارەیەوە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پوتین بەرپرسیارە لە مردنی ناڤالنی.

 

 

 

تایمز

شازادە هاری بەریتانیا دەیەوێت بگەڕێتەوە نێو بنەماڵەی شاهانە بۆ ساڕێژکردنی ئەو درزەی لەگەڵ باوکی هەیەتی

شازادە هاری کوڕی پاشای بەریتانیا دەیەوێت بەشێوەیەکی کاتیی بگەڕێتەوە نێو بنەماڵەی شاهانە و رۆڵێکی شاهانەی پێ بدرێتەوە، بۆ پشتیوانیکردنی لە باوکی کە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە.
بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک، ئاشکرا بووە لەوکاتەی شا چارڵز نەخۆشییەکەی دەستنیشان کراوە، چەندین جار گفتوگۆی گەرم لەنێوان شازادە هاری و باوکیدا ئەنجامدراوە. هەرچەندە شازادە هاری لە هێڵی پێنجەمدایە بۆ گرتنەدەستی دەسەڵاتی شاهانە، لە هەوڵدایە بۆئەوەی بگەڕێتەوە نێو بنەماڵەی شاهانە و بۆ ماوەیەکی کاتیی رۆڵێک وەربگرێت.

 

 

 

 

واشنتن پۆست

دادگا بڕیاریدا دۆناڵد ترەمپ 354 ملیۆن دۆلار وەک سزا ببژێرێت

رۆژی هەینی دادوەرێکی دادگای باڵای ویلایەتی نیویۆرک بڕیاریدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، بڕی 354 ملیۆن دۆلار وەک سزا ببژێرێت دوای دادگاییکردنێکی مەدەنیی لەبارەی ساختەکارییەوە. ترەمپ و کۆمەڵیکی دیکە بەتۆمەتی پلانێکی یەک-ساڵە بۆ بەکارهێنانی چەند داتایەکی ‘ساختە’ی دارایی ئاشکرا بۆ قەرزکردنی پارە دادگاییکران. هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا، دادگا بڕیاریدا بۆ ماوەی چەند ساڵێک ترەمپ و کوڕە گەورەکەی نەتوانن پلەی باڵا لە کۆمپانیاکانیان لە ویلایەتە بگرنەدەست.

 

 

 

چاینە دەیلی

خوێندکارانی ئەمریکی ئاهەنگی پەیوەندییەکان لەگەڵ چیندا دەگێڕن

مامۆستایان و خوێندکارانی خوێندنگەیەک لە واشنتن خۆشحاڵن بەوەی نامەیەکی بانگهێشتکردنیان بۆ بۆنەکانی سەری ساڵی چینی لەلایەن شی جینپینگی سەرۆکی چینەوە پێگەیشتووە. ئەوان پێیان وایە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی خەڵکی ئەمریکا و چین واتای زۆر دەبەخشێت بۆیان.
ئەم بانگهێشتنامەیەش دوای ئەوە دێت مامۆستاو خوێندکارانی ئەو قوتابخانەیە پیرۆزباییان بۆ شی ناردبوو و ئەویش لە وڵامدا بانگهێشتی سەرجەمیانی کرد بۆ ئەوەی سەردانی وڵاکەتەکەی بکەن.

 

 

 

 

رۆژنامە فارسییەکان

 

 

 

 

 

پەیامی ما

وەزیری گەشتیاریی ئێران باسی لە پێویستی تەرخانکردنی سیمکارت بۆ گەشتیارانی بیانی کرد بۆئەوەی ئینتەرنێتیان سنووردار نەکرێت.

هەرچەندە ئەم بیرۆکەیە بە ئامانجی پاڵپشتیکردن لە گەشەپێدانی پیشەسازی گەشتیاری و چارەسەرکردنی کێشەکانی گەشتیاران پێشنیارکراوە، بەڵام لەسەر ئاستی کۆمەڵگە رووبەڕووی شەپۆلێکی رەخنە بووەتەوە.
زۆرێک لە رەخنەگران لەسەر ئەو بۆچوونەن ئەو کارە بە واتای هەڵاواردن لە مافی هاووڵاتیانی ئێرانییە بۆ دەستگەیشتن بە ئینتەرنێت بە ئازادی.
وەزیری گەشتیاری دەڵێت، بیانییەکان دێن بۆ ئێرە و دەیانەوێت وێنە بگرن، ئاژاوە و شەڕ هەیە و ئێمەش ئینتەرنێتمان فیلتەر کردووە لە وڵاتدا، بەڵام ئەو گەشتیارەی دێت پێویستە سیمکارتێکی هەبێت کە کێشەی فیلتەری نەبێت، بۆئەوەی چۆنیەتی وێنەگرتن و کات بەسەربردن و یادگارییەکانی ئێران بڵاوبکەنەوە، ئەمە پێویستی سەرەتایی گەشتیارە بیانییەکانە.

 

 

 

ئاسیا

ئەوروپا لەنێوان دۆست و دوژمندا

لە داهاتوویەکی نزیکدا دوو هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت؛ یەکێکیان هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە و ئەوی دیکەیان هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپایە، بە واتایەکی دیکە پێدەچێت ترەمپ بێت و بورێلیش بڕوات.
لێدوانی ئەو بەرپرسەی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا کە دەڵێت، “ناتۆ ناتوانێت هاوپەیمانییەکی سەربازی بێت کە پشت بە میزاج و دۆخی سەرۆکی ئەمریکا ببەستێت”، بە روونی ئەو هۆشدارییە لە خۆدەگرێت کە ترەمپ کاندیدێکی لاواز نییە، زوو تێپەڕ بێت و ناکرێت پەیامەکانی پشتگوێ بخرێن.
ترەمپ کەسێکی بازرگانە و داوای پارەی زیاتر لە ئەندامانی ناتۆ دەکات و ئەمریکاش پێویستی بە فرۆشتنی چەک هەیە، بۆیەش ئەگەری پەرەسەندنی شەڕ لە جیهان و سنوورەکانی ئەوروپا زیاتر دەبێت.

 

 

 

 

ئیعتماد

بەهۆی هەڵاوسانی دەرمان نیوەی خەڵک ماڵئاوایییان لە پزیشکی ددان کردووە

لە ساڵی رابردوودا رێژەی هەڵاوسان لە بازاڕی دەرمان 80% بووە و کەلێنی نێوان گرووپە کەم داهاتەکان و گرووپە داهات بەرزەکان فراوانتر بووە، خەرجییە پزیشکییەکانی کەم داهاتەکان نەیانتوانیوە لەگەڵ رێژەی هەڵاوساندا بگونجێت و بۆیەش گرنگترین نمونە بریتییە لە تێچووی پزیشکی ددان، ئەو داتایانەی شیکاریمان کردوون دەریدەخەن کە لانیکەم 50%ی ماڵەکان لە ساڵی رابردوودا وازیان لە سەردانی پزیشکی ددان هێناوە.
بەرزبوونەوەی نرخی دەرمان و بێتوانایی خەڵک لە کڕیندا بووە بە هۆکار 30%ی دەرمانخانەکانی تاران داخراون یان مایەپووچ بوون.

 

 

 

 

جەهانی سەنعەت

کەمبوونەوەی کڕینی شیرینی بە رێژەی 40%

عەلی بەهرەمەند، بەرپرسی سەندیکای شیرینی فرۆشانی تاران رایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئارد، شەکر، رۆن، تێچووی بەرهەمەکانی دوکانەکانی شیرینی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی خواست و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی هەموو جۆرە شیرینییەک. ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمساڵ بەهۆی کەمبوونەوەی توانای کڕینی خەڵک و بچوکبوونەوەی سفرەکانیان، شیرینی لە سەبەتەی کڕینی خەڵک زووتر لە کەلوپەلی سەرەکی لادەبرێت و دەتوانین بڵێین بازاڕی شیرینی بەهۆی کەمبوونەوەی توانای کڕینی خەڵکەوە زیانی زیاتری بەرکەوتووە لە چاو بازرگانییەکانی دیکەى دابینکردنی خۆراک، چونکە شیرینی شتێکی لوکسە و لە پێشینەی پێداویستیەکانی خەڵکدا نییە بۆ کڕین.
ئەو گوتی، ئەمساڵ خواست لەسەر شیرینی بەلایەنی کەمەوە بەڕێژەی 40% دابەزیوە بە بەراورد بەساڵی رابردوو، هەروەها کێش و مۆدێلی شیرینی کە کڕیاران هەڵیدەبژێرن، کەمبوونەوەی توانای کڕینی ئەمساڵی خەڵک بەراورد بە ساڵی رابردوو نیشان دەدات.

 

 

 

رۆژنامە تورکییەکان

 

 

 

 

 

حوڕییەت

باوەڕمان بە رێککەوتنى گەل هەیە، لەم هەڵبژاردنەدا بە کاندیدی خۆمانەوە بەشداریی دەکەین

ئۆزگور ئۆزاڵ، سەرۆکى گشتیی جەهەپە لە ئیزمیر رایگەیاند، ئەو شارەوانییانەى لە 2019 بەدەستمان هێنا، ئەو 11 پارێزگایەى بەدەستمانەوە بوو توانیومانە زۆر بەباشی بەڕێوەى ببەین. لە هەڵبژاردنى رابردوودا هاوپەیمانیمان لەگەڵ لایەنی دیکە هەبوو، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە بەبێ رێککەوتن بەشدارى دەکەین، دڵنیاین لەوەى دەنگدەرەکانمان دەنگمان پێدەدەن.

 

 

 

 

تورکیا

ئەنقەرە لەبارەى پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان هۆشدارى بە عیراق دەدات

تورکیا بۆ پرۆژەى رێگەى گەشەپێدان دەیەوێت دڵنیا بێتەوە لە ئاسایشی ناوچەکە بۆ ئەو مەبەستەش لە عێراق و لە هەولێر داواى هەماهەنگى زیاتر دەکات بۆ رووبەڕووبونەوەى تیرۆر.

لە سەردانەکەى سەرۆکى میت و وەزیرى بەرگریی تورکیا بۆ بەغداد و هەولێر، تورکیا بە ئاشکرا رایگەیاندووە چیدیکە سەبر و ئارامی نەماوە و دەیەوێت بەزوترین کات پرسی تیرۆر یەکلابکاتەوە. بە بارزانى گوتراوە کۆتایی بە هاوپەیمانێتى پارتى و یەکێتى بهێنە.
لەو سەردانەدا ئاسایشی 1000 کیلۆمەتر پرۆژەى گەشەپێدان کراوە کە لە بەسرەوە بە سلێمانى و شەنگالدا تێدەپەڕێت. داوا کراوە بە درێژایی رێگەى پرۆژەکە ئەنقەرە بنکەى سەربازى بۆ پاراستنى ئاسایشی پرۆژەکە دروستبکات و لە رێگەى ئاسمانییەوە چاودێرى رێگاکەش بکات.

 

 

 

 

بیرگوون

لە تورکیا کەس لە هیچ شتێک رازى نییە

بە گوێرەى راپرسییەکى دەزگاى ئامار، بەدواداچونێک لەسەر رازی بونى خەڵک لە ژیان لەو وڵاتە ئەنجامدراوە. لە راپرسییەکەدا دەرکەوتووە بەلاى زۆرینەوە گەورەترین کێشە، ناڕەحەتى ژیانکرن و گرانییە لەو وڵاتە.
لەپاش ئەوەش زۆرینەى خەڵک لە گرانى نرخى خوێندن و بوونى دیاردەى گەندەڵى لەو وڵاتە ناڕازیین.

 

 

 

 

سۆزجو

130 هەزار لیرەیان پێدراوە بۆئەوەى داواى یاسایی تۆمارنەکەن

خانەوادەى ئەو نۆ کەسەى لە کانە ئاڵتونییەکەى ئەرزینجان بونەقوربانى، بڕی 130 هەزار لیرەیان پێدراوە، تاوەکو داواى یاسایی لەسەر کۆمپانیا ئەمریکییەکە تۆمار نەکەن. ئەو خێزانانەى پارەکەیان وەرگرتووە بەڵێننامەیان پێ واژۆکردوون کردوون تاوەکو داواى یاسایی تۆمار نەکەن، بە پێچەوانەوە پارەکەیان بە فایزەوە لێیان وەردەگرنەوە!

هەواڵی زیاتر

Back to top button