رەخنەگر و ئۆپۆزسیۆنە سەرسەختەکەی پوتین لە زینداندا کۆچی دوایی کرد

ئەلێکسی ناڤالنی، سیاسەتمەداری ئۆپۆزسیۆنی ڕوسیا و ڕەخنەگری سەرسەختی پوتین لە زینداندا کۆچی دوایی کرد.

دەزگای زیندانەکانی روسیا لە راگەیەنراوێکدا گوتی، “ناڤالنی لە زیندانی چاکسازیی کۆڵۆنی دوای پیاسەکردنێک دۆخی تەندروستی تێکچووە و یەکسەر لە هۆش خۆی چووە، دەستبەجێ کارمەندانی پزیشکی گەیشتن و هەوڵی رزگارکردنیان داوە، بەڵام بێ ئەنجام بووە”.

جەختیکردووەتەوە کە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری مردنەکەی دەستیپێکردووە.

هاوکات کۆشکی کرملن رایگەیاند، ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی روسیا لە مردنی ناڤالنی ئاگادارکرایەوە، بەڵام کیرا پارمیش، بەرپرسی راگەیاندنی تیمی پارێزەرانی ناوبراو دەڵێت هێشتا ئاگادارنەکراونەتەوە و پارێزەری ناڤالنی بەڕێوەیە بەرەو زیندانی چاکسازیی کۆڵۆنی لە شاری خارپ.

ئەلێکسی ناڤالنی تەمەن 47 ساڵ دیارترین و سەرسەختترین رەخنەگر و ئۆپۆزسیۆنی پوتین بوو و رەخنەی توندی لە گەندەڵییەکانی پوتین گرتووە، دەرکەوتنی ناوبراو لەڕێگەی کەناڵێکی یوتوبەوە بوو، ملیۆنان بینەری بۆ خۆی کۆکردەوە و دواتر دەیان هەزار کەسی رژاندە شەقامەکانی روسیا سەرباری یاسای توندی دژەخۆپیشاندان لەو وڵاتە.

لە سەرەتاکانی ساڵی 2021دا و دوای ئەوەی بەهۆی هەوڵێکی سەختی ژەهراویکردنەوە چووە ئەڵمانیا، گەڕایەوە روسیا و دەستی بە چالاکییەکانی کردەوە، پاشان دەستگیرکرا و خرایە زینداوە و بە چەند تۆمەتێک سزای 19 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا، ئەوەش توڕەیی رێکخراوە مرۆییەکان و وڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپای لێکەوتەوە.

تەندروستیی ناڤالنی بە بەردەوامی بەرەو خراپی دەرۆشت چونکە بە بەردەوامی لە زیندانی تاکەکەسیدا بووە.

ساڵی رابردوو، ناڤالنی برایە زیندانی کۆڵۆنی لە هەرێمی یامالۆ نینیت لە باکوری سیبریا، دواین بڵاوکراوەی ناوبراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە لەلایەن پارێزەرەکانییەوە بەڕێوەدەبرێت رۆژی 14ی ئەم مانگە بوو کە تێیدا بەبۆنەی رۆژی ڤالانتاینەوە پەیامی بۆ هاوسەرەکەی نارد.

No description available.

کاردانەوەی بەشێک لە وڵاتان و بەرپرسەکانیان لەبارەى مردنی ناڤالنی؛

  • ئورسولا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا: روسیا تاکە بەرپرسیاری مردنی ناڤالنییە
  • وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا: ناڤالنی بە گیان و ژیانی خۆی دژی ستەم و زۆرداری ڤلادیمێر پوتین وەستایەوە
  • ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا: مردنی ناڤالنی کارەساتێکی مەزنە بۆ خەڵکی روسیا
  • ئۆلاف شۆڵز، راوێژکاری ئەڵمانیا: ناڤالنی بە گیانی باجی ئازایەتی و بوێری خۆیدا دا
  • ئێدگارس ڕینکێڤیکس، سەرۆکی لاتڤیا: ناڤالنی بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن کرێملنەوە کوژراوە
  • ئەندری یەرماک، یاریدەدەری ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین دوای بڵاوبوونەوەی مردنی ناڤالنی: پوتین زۆر لە رکابەری دەترسێت
  • ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا: پێویستە پوتین باجی مردنی ناڤالنی بدات
  • وەزارەتی دەرەوەی نەرویج: حکومەتی روسیا باجی قورس دەدات بۆ کۆچی دوایی ناڤالنی
  • کۆشکی سپی: مردنی ناڤالنی کارەساتێکی خراپە ئەگەر پشتڕاستکرایەوە

هەواڵی زیاتر

Back to top button