لە تاران گۆڕ گرانە و دەستناکەوێت

نرخی یەک گۆڕ بەرامبەر حەقدەستی یەک ساڵی کرێکارێکە

زووم..

گۆڕستانی بەهەشتی زەهرا لە تاران خەریکە پڕدەبێتەوە و جێگەی بەخاکسپاردنى تەرمی دیکەى تێدا نامێنێت. نەمانی جێگە بووەتەهۆى بەرزبوونەوەى نرخی گۆڕ لە گۆڕستانەکە.

شارەوانیی تاران بڕیاریداوە ساڵی داهاتوو گۆڕستانی نوێ لە دەوروبەری شارەکە دروست بکات، بەڵام هێشتا شوێنەکە دیارینەکراوە و تا دێت نرخی گۆڕ بەرزتر دەبێتەوە.
جەواد تاجیک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گۆڕستانی بەهەشتی زەهرا دەڵێت، گۆڕستانەکە 53 ساڵ پێش ئێستا دروستکراوە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن کەسی تێدا بەخاکسپێردراون، رۆژانە نزیکەی 200 تەرمی بۆدەهێنن، بۆیە قەیرانی نەبوونی شوێنی گۆڕ دروستبووە.

بەهۆی گەورەیی شاری تاران و نەمانی شوێنەوە، لە بەشێک لە گۆڕەکان سێ تەرم لەسەریەک و لەناو گۆڕێکدا بەخاکسپێردراون.

دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک، جیاوازیی چینایەتی لە مردنیشدا رەنگی داوەتەوە و نرخی گۆڕەکان لە ناوچە جیاوازەکانی گۆڕستانی بەهەشتی زەهرا جیاوازە، لە شوێنێکی پەراوێزی گۆڕستانەکە نرخی گۆڕێک نزیکەی هەزار دۆلارە، شوێنی لەوە باشتر نرخی گۆڕ دەگاتە نزیکەی دوو هەزار دۆلار، بەڵام لە باشترین شوێنەکانی گۆڕستانەکە نرخەکە بەرزدەبێتەوە بۆ نزیکەی سێ هەزار دۆلار.

سەرەڕای بەزبوونەوەی نرخی گۆڕ، کاربەدەستدانی گۆڕستانەکە و تاران بەنیازن ساڵی داهاتوو نرخ بەرزتر بکەنەوە، لەوبارەیەوە بەڕێوەبەرە جێبەجێکارەکەی گۆڕستانی بەهەشتی زەهرا گوتی، ئەگەر ئەنجومەنی شاری تاران رازی بێت، بۆ ساڵی داهاتوو نرخی گۆڕەکان و خزمەتگوزارییەکانی گۆڕستانەکە بەڕێژەی 30% بەرزدەکرێتەوە”، دیار نییە مەبەستی تەنها نرخەکانە لە گۆڕستانی بەهەشتی زەهرا، یان ئەو گۆڕستانە تازەیەیەش کە بڕیارە دروست بکرێت.

بەرزبوونەوەی نرخی گۆڕ خەڵکی نیگەران کردووە، لەکاتێکدا داهاتی مانگانەی زۆربەی کرێکاران نزیکەی 200 دۆلارە، کرێکارێک دەبێت یەک ساڵ کار بکات بۆ کڕینی تەنها گۆڕێک، جگە لەوەش، دەبێت پارەیەکی زۆر بدات بۆ خزمەتگوزارییەکانی کاتی مردن و دواتر.

هەواڵی زیاتر

Back to top button