نزیکەى سێ ساڵە هیچ هەواڵێک لە ئۆجەلانەوە نییە

دەم پارتى: گۆشەگیریی سەر ئۆجەلان پێچەوانەى یاساکانى مافى مرۆڤە

زووم..

نزیکەى سێ ساڵە هیچ هەواڵێکى ئۆجەلان نییە، محەمەد ئۆجەلانی براى لە ساڵڕۆژى دەستگیرکردنى براکەیدا دەپرسێت، “ئایا براکەم لە دوورگەى ئیمڕاڵییە؟”
ئەوەی وایکردووە براکەی ئۆجەلان ئەو پرسیارە بکات، ئەوەیە، ماوەى 35 مانگە گۆشەگیری لەسەر عەبدوڵا ئۆجەلان هەیە و “ئاگاداریی هیچ هەواڵێکى نین”.
15ى شوباتی هەموو ساڵێک، ساڵیادى دەستگیرکردنى عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەرى پارتى کرێکارانى کوردستانە و بە رەشبگیریی ناودەبرێت.

هەوڵەکانى بزووتنەوەى سیاسیی کورد لە باکوورى کوردستان بۆ شکاندنى گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجەلان بەردەوامە.

لە 27ى تشرینى دووەمى 2023، زیندانیانی سیاسیی کورد لە زیندانەکانی باکووری کوردستان و تورکیا، لە چوارچێوەی هەڵمەتی “ئازادیی بۆ ڕێبەر ئۆجەلان و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد” مانگرتنیان لە خواردن دەستپێکرد، ئەمڕۆ دوای 81 رۆژ لە مانگرتن، کۆتایی بە مانگرتنەکە دەهێنن.

هاوکات دەم پارتى لە 1ی شوباتەوە تاوەکو ئەمڕۆ 15ی شوبات، لە زۆربەى پارێزگاکانى باکوورى کوردستان بە دروشمى “ئازادى بۆ ئۆجەلان، چارەسەری ئاشتیانەی پرسى کورد” رێپێوانى ئاشتی ئەنجامدا.

لەماوەى رابردووشدا کوردانى تاراوگە لە زۆربەى وڵاتان رێپێوانیان دژى گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجەلان سازکرد، لە رۆژاڤاى کوردستانیش رێپێوانى سەرتاسەرى بۆ هەمان مەبەست کرا.

تولاى حاتمئۆغڵو، هاوسەرۆکى دەم پارتى دەڵێت، “گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجەلان پێچەوانەى یاساکانى مافى مرۆڤە”، سێشەممەی رابردووش، تونجاى بەقرهان، هاوسەرۆکى دەم پارتى لە کۆبونەوەى فراکسیۆنى پارتەکەیدا گوتى، “پێویستە دەستبەجێ گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجەلان لاببرێت و دەرگای ئیمراڵی بکرێتەوە، تاوەکو پڕۆسەى ئاشتی و دیالۆگ دەستپێبکاتەوە”.

هاوسەرۆکەکە دووپاتیکردەوە، تاکە بژاردەى تورکیا بۆ رزگاربوون لە قەیرانەکان، رێگەى دیموکراسی و ئاشتییە، ئاشتی لەگەڵ کورد و چارەسەرى پرسى کورد.
کۆتا جار لە 25ـی ئازاری 2021 لە رێگەى پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە ئۆجەلان لەگەڵ خانەوادەکەی قسەیکردووە، لەوکاتەوە هیچ هەواڵێکی دیکە لە رێبەرەکەی پەکەکەوە نەبووە.

بۆیە لە چوارچێوەى هەوڵەکانى لابردنى گۆشەگیریی، لە باکوورى کوردستان و تورکیا هەزار و 330 پارێزەر، کە نوێنەرایەتى 35 ژوورى پارێزەران دەکەن، داواکارییان پێشکەش بە وەزارەتى دادى تورکیا کردووە تاوەکو رێگە بدرێت پارێزەران سەردانى دوورگەى ئیمڕاڵى و و ئۆجەلان بکەن، لە رۆژاڤای کوردستانیش هەزار و 25 پارێزەر داواکارییەکیان ئاڕاستەی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی کردووە، بەڵام سەرەڕای هەموو هەوڵە یاسایی و مەدەنییەکان، تاوەکو ئێستا حکومەتى تورکیا وەڵامى داخوازییەکانى نەداوەتەوە و هیچ هەواڵێک لە عەبدوڵا ئۆجەلانەوە نییە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button