سیناریۆکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

 زووم:

لە چاوەڕوانی بڕیاری دادگای فیدراڵیدا، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کەوتووەتە بەردەم چەند ئەگەرێکی یاسایی و دەستووری.

ناکۆکییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، لەسەر فرەبازنەیی و پێکهاتەکان، پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی گەیاندە دادگای فیدراڵی.

ئێستا شێواز و کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە، لەگەڵ لایەنی سەرپەرشیار، کەوتونەتە بەردەم چەندین ئەگەر.

 

هەرێمێکی بێ دامەزراوە

 

هێشتا رۆژی هەڵبژاردن دیارینەکراوە، لەکاتێکدا دادگاى فیدراڵیی عێراق لە 30ـى ئایارى 2023دا کۆتایی بە خولى پێنجەمى پەرلەمانی کوردستان هێنا و ئیدى هەرێمى کوردستان دامەزراوەى چاودێرى نەما.

دانیشتنەکانى دادگاى فیدراڵى لەبارەى دۆسیەى پەرلەمانى کوردستان بەردەوامە، یەکشەممەى داهاتوو خولى دەیەمى دانیشتنەکە بەڕێوەدەچێت و لایەنەکانى هەرێم چاوەڕوانى بڕیارى کۆتایی دادگاکەن بۆئەوەى بتوانن لەو ماوەى لەرووی یاساییەوە بەردەستە هەڵبژاردنەکە ئەنجام بدرێت.

 

جگە لە دادگای فیدڕاڵی، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان زیاتر لە مانگێکە سەرقاڵی دۆزینەوەی رێگەچارەیەکە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردەکە.

 

دادوەرانی هەرێم دەبنە فریادڕەس؟

 

ماوەی یاسایی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لە  7ى تەمووزى 2024 کۆتایی دێت، ترس لەوەیە دواخستنى دانیشتکەکان لەلایەن دادگاى فیدراڵییەوە بەردەوام بێت و کۆمسیۆن پێڕانەگات هەڵبژاردنەکە بەڕێوەببات. بۆیە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، کە بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێکردنی هەرێمە، لەسەریەتی رۆژی هەڵبژاردن دیاری بکات، لە هەوڵی دۆزینەوەی رێگەچارەیەکدایە، چونکە ئەگەر دادگای فیدراڵی لەوەزیاتر یەکلاکردنەوەی سکاڵاکە دوابخات، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق کاتی نابێت بۆ ئامادەکارییەکان و سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

 

کۆبوونەوەیەکی دوێنێی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان لەگەڵ سه‌رۆک،  و جێگران و ئه‌ندامانی دادگای پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان، وایکرد ئەگەر و سیناریۆیەک سەرهەڵبدات، ئەویش سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکەیە لەلایەن دادوەرانی هەرێمی کوردستانەوە.

 

دوای کۆبوونەوەکە سەرۆکی هەرێمى کوردستان گوتی، هه‌موو رێكارێكی ده‌ستووری و یاسایی ده‌گرنه‌به‌ر بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، ئەمە وای لێخوێندرایەوە، لە ئەگەری ماوەبەسەرچوونی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق، دادوەرانی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی هەڵبژاردن بکەن.

 

هەڵبژاردن بەبێ کۆمسیۆن؟

 

یاساناسان ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە رێگەی دەستەی دادوەرانەوە بە زەحمەت دەزانن، دەڵێن، ئەم هەنگاوە کۆسپی یاسایی هەیە، چونکە هەرێمی کوردستان دەبێت بگەڕێتەوە بۆ یاسای هەڵبژاردنی ساڵی 1992، ئەوکات چەند دادوەرێک سەرپەرشتی هەڵبژاردنیان کرد، بەڵام بە بۆچوونی یاساناسان، گەڕانەوە بۆ یاسایەکی 32 ساڵ لەمەوبەر ئاسان نییە، چونکە دەبێت پێش دەستبردن بۆ یاساکەی 1992، یاسای هەڵبژاردنەکانی پێشوو هەڵبوەشێندرێتەوە، ئەم کارەش دەبێت لەڕێگەی پەرلەمانی کوردستانەوە بکرێت، لەم قۆناغەدا ئەوەش ناکرێت، چونکە پەرلەمان نەماوە و دەبێت هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی هەڵبژاردن بچێتەوە دادگای فیدڕاڵی.

 

جگە لەم رێگرییە یاساییانە، ئەم هەنگاوە پشتیوانیی لایەنە سیاسیەکانی پێویستە، چونکە ئەوان هاوکارنەبن، سەرۆکایەتیی هەرێم ناتوانێت پرۆسەکە ئەنجامبدات.

 

لایەنێکی دیکەی جموجموڵکردن بۆ ئەم هەنگاوە، هەڵوێستی بەغدادە، بەگوێرەی زانیارییەکانی زووم، لایەنە سیاسیەکانی هەرێم لەناوخۆیان ئەم باسەیان کردووەتەوە و دەڵێن، رەزامەنبوونی عێراق پرۆسەکە بەهێزدەکات، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر عێراق رازی نەبێت، ئەوا دەتوانێت لەڕێگەی سکاڵایەکەوە لە دادگای فیدڕاڵی ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە رەتبکاتەوە هەرێم بیەوێت لە دەرەوەی کۆمسیۆن لەڕێگەی چەند دادوەرێکەوە ئەنجامیبدات.

 

هەموو ئەمانە لەکاتێکدان، ئەمڕۆ مەسعود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان،  لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ دەیڤید بێرگەر، هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق و مارک سترۆ، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێم، رایگەیاند، پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت، نابێت بە بیانووی نادەستووری دەست لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و رێوشوێنەكانی وەربدرێت و كۆسپی بۆ دروست بكرێت و هەوڵ بۆ دواخستنی بدرێت بە بیانووی بوونی تانە یاساییەكان.

 

هەروەها قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێم، لەگەڵ هەمان شاندی ئەمریکی کۆبووەوە و گوتی، پێویستە بەزووترین کات بڕیار لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بدرێت و لە ماوەیەکی نزیکیدا بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد و دادپەروەرانە بەڕێوەبچێت.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button