ناوچە بەفرینەکانی گرینلاند تواونەتەوە و لە شوێنی ئەوە رووەک و گیا رواوە

زووم:

زۆرێک لە ناوچە بەفرینەکانی گرینلاند دەستیان بە توانەوە کردووە، لە شوێنی ئەوە رووەک و گیا رواوە، ئەمە دیاردەیەکی بێپێشینەیە لە مێژووی وڵاتەکەدا.

بەگوێرەی ئەنجامەکانی توێژینەوەیەک، کە رۆژنامەی گاردیەنی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە و لە هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە گۆڕانکارییە ژینگەییەکانی ئەو وڵاتە تۆماردەکات، دەردەکەوێت چەندین ناوچەی بەستەڵەک و بەفری گرینلاند تواونەتەوە و لەبری بەفر، تەنھا ناوچەی دێم، بەردەڵان، زەلکاو و گژوگیا و رووەک دەردەکەوێت، ئەم گۆڕانکارییە ژینگەییانەش نامۆن بە ناوچەکە و کاریگەریی خراپ جێدەھێڵن.

وێنەی مانگە دەستکردەکان نیشانی دەدات لە سێ دەیەی رابردوودا بە نزیکەیی 11 هەزار میل لە رووبەری بەستەڵەکی گرینلاند تواوەتەوە و ئەمەش دەکاتە لەسەدا ١.٦ی ئەو رووبەرە سەھۆڵییەی کە وڵاتەکەی داپۆشیوە.

ئەنجامەکانی راپۆرتەکە ئەوەیان دەرخستووە، ناوچە زەلکاوەکانی گرینلاند بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیانکردووە، ئەمەش کاریگەریی خراپ لەسەر ژینگەی وڵاتەکە و گۆی زەوی درووستدەکات، چونکە ئەو زەلکاوانە ناوەندێکی سەرەکین بۆ دەردانی گازیی میسان، کە گازێکی زیانبەخشە لە بەرگە ھەوادا.

زاناکان دەڵین، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە حەفتاکانی سەدەی رابردوەوە توانەوەی ناوچە سەھۆڵییەکانی ئەو وڵاتەش دەستیپێکردووە، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لەم ناوچەیەدا دوو ھێندەی تێکرای ئەو بەرزبوونەوانەیە کە لە ناوچەکانی دیکەی جیھاندا تۆمارکراون، بۆ نموونە لەنێوان ٢٠٠٧ بۆ ٢٠١٢ پلەکانی گەرما لە گرینلاند سێ پلەی سلیزیی بەرزتربووەتەوە بەراورد بە ساڵانی ١٩٧٩ بۆ ٢٠٠٠.

ئاژانسی ناسای ئەمریکی پێشتر پێشبینی کردبوو ئەگەر تەواوی ناوچە بەستەڵەکییەکانی گرینلاند بتوێنەوە، ئاستی ئاوی دەریا و زەریاکان حەوت مەتر بەرزدەبنەوە و چەندین شار و وڵاتی گەورەی جیھان دەکەونە ژێر ئاوەوە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button