مەندەلاوی: لە ماوەی داهاتوودا یاسایەک بۆ کۆتاییهێنان بەبوونی هێزەبیانییەکان دەردەکرێت

 

زووم:
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە وەکالەت رایگەیاند، لە چەند هەفتەی داهاتوودا یاسایەک بۆ کۆتاییهێنانی تەواوەتی بەبوونی هێزە بیانییەکان لە عێراق دەردەکرێت.

لە راگەیەندراوێکدا نووسینگەی ڕاگەیاندنی موحسین مەندەلاوی ئاشکرایکردووە، لە میانی پێشوازیکردن لە غولام حسێن عیجیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران، موحسین مەندەلاوی رایگەیاندووە، دووبارەبوونەوەی هێرشەکانی ئەمریکا لە عێراق ویستی پەرلەمانی زیاد کرد بۆ ئەوەی بڕیارەکەی پێشووی بۆ دوورخستنەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق جێبەجێ بکرێت.

ئەو گوتیشی: هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر کەسایەتییە عێراقییەکان پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات تێکدەدات.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە عێراق بەهێزە و پێویستی بە هێزی دەرەکی نییە بۆ پاراستنی.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە ئێستادا عێراق و ئەمریکا لە گفتوگۆدان بۆ واژووکردنی رێککەوتنێک لەبارەی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان، هەروەها سەرەتای ئەم هەفتەیەش پەرلەمان کۆبووەوەو بە واژووی زیاتر لە 100 پەرلەمانتار، داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرا، یاسایەک بۆ دەرکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان لە پەرلەمانەوە دەربکرێت.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button