دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم نزیکە و تورکیاش قەرەبووەکەی عێراق دەداتەوە

 زووم:

دوێنێ، وەزیرى نەوتى عێراق گوتى، نزیکن لە دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان، ئەمڕۆش رێکخراوى سویدى، کە نزیکە لە ئۆپۆزسیۆنى تورکیا دەڵێت، تورکیا قەرەبووەکەى عێراق دەداتەوە.

راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى تورکیاوە نزیک دەبێتەوە لە 11 مانگ، دۆسیەکە دادگاى ناوبژیوانى نێودەوڵەتى لە پاریس، لە بەرژەوەندى عێراق بڕیاریدا و تورکیاى پابەندکرد بە قەرەبووکردنەوەى عێراق بە بڕى 1.4 ملیار دۆلار.

رێکخراوی نۆردیک مۆنیتەری سویدی، لە راپۆرتێکدا رەخنە لە حکومەتی تورکیا دەگرێت بەوەی کە داهاتی باجی وڵاتەکە بۆ قەرەبووکردنەوەی عێراق بەکاردەهێنێت لەبارەی هەناردەى نەوتی هەرێمى کوردستان، کە ماڵپەڕەکە بە نەوتى “دزراوی” هەرێمی کوردستان وەسفی کردووە و دەڵێت، بنەماڵەی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیای پێ دەوڵەمەند بووە.

راپۆرتەکە باس لەوە دەکات لە رێککەوتنەکەی نێوان هەرێم و تورکیادا گواستنەوەی نایاسایی نەوتی هەرێم  لەلایەن کۆمپانیای بۆتاشی حکومەتی ئەنکەرەوە دراوە بە کۆمپانیای ‘پاوەرترانز’ی تورکیی کە لەلایەن زاواکەی ئەردۆغان بەناوی بەرات ئەلبایراک-ەوە خاوەندارێتی دەکرێت و قازانجەکەی دەچێتە خزمەت بنەماڵەی ئەردۆغانەوە.

لەباری بڕی نەوتی هەناردەکراوەوە لەنێوان ساڵەکانی 2014 بۆ 2018دا، هەرێم 622 ملیۆن بەرمیل نەوتی لەڕێگەی تورکیاوە هەناردەکردووە و داشکاندنی بەهای نەوتەکەش بە 3.6 بۆ 3.8 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە بەغدا لە دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتییدا داوای بەڵگەنامە و ناوەڕۆکی رێککەوتنەکانی نێوان هەرێم و تورکیای کردووە کە بۆچی نەوتی هەرێم بە کەمتر لە نرخی بازاڕەکانی جیهان فرۆشراوە، بەڵام تورکیا ئامادە نەبووە هیچ بەڵگەنامە و وردەکارییەک بخاتەڕوو. هەر بەهۆی ئەمەش بوو کە دادگا لە بەرژەوەندیی عێراق و لە دژی تورکیا بڕیاریدا.

 

لەبارەی ئەو داهاتەی هەرێمی کوردستان دەستی کەوتووە، راپۆرتەکە دەڵێت بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی تورکیا، هەرێم توانیویەتی 27.1 ملیار دۆلار لە فرۆشتنی نەوتدا بەدەست بهێنێت. بەڵام تا ئێستا نازانرێت چەن لەوپارەیە بۆ بنەماڵەی ئەردۆغان رۆیشتووە. بەڵام بەگوێرەی خەمڵاندنەکان پێدەچێت سەدان ملیۆن دۆلار یان ملیاران دۆلار بێت.

 

لە ئێستادا تورکیا دەبێت 673 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو بدات بە عێراق و هەرێمیش بەهەمان شێوە نیوەی ئەو بەرپرسیارێتییەی دەکەوێت ئەستۆ کە لەدادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی بڕیاری لەبارەوە دراوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button