یەكگرتووی ئیسلامی پۆستە کارگێرییەکانی سلێمانی رادەستی حكومەت دەکاتەوە

زووم:

یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بڕیاریداوە پۆستە کارگێڕییەکانی سلێمانی رادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکاتەوە، دەڵێت، لە دۆخەکە رازی نین و نایانەوێت چیتر بەشێکبن لە رەوشی خراپی هەرێمی کوردستان.

لە 30ـی نیسانی 2014 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە دهۆک 3 کورسی، سلێمانی 2 کورسی و لە هەولێر 1 کورسی بەدەستهێنا.

ئەوکات یەکگرتووی لە سلێمانی، لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانی ئەوکات بە یەک لیست و فراکسیۆنی هاوبەش و بە 3 کورسییەوە چوونە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، 12%ی پۆستە خۆجییەکانی پارێزگای سلێمانییان بەرکەوت، یەکگرتوو 6 پۆستی کارگیڕیی وەرگرت، گرنگرترینیان بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی بوو.

خەلیل سلێمان بەرپرسی مەڵبەندی یەكی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە سلێمانی، بە زوومی راگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی هەرێم و رەوشی كارەبا، یەكگرتوو پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای سلێمانی رادەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردەوە.

بەگوتەی بەرپرسەکەی یەکگرتوو، بەڕێوەبەری كارەبای سلێمانی ماوەی نۆ ساڵە بە پاكی و راستی خزمەتی خەڵك دەکات، ئەوەش جێگای شانازی و دەستخۆشییە بۆ یەكگرتووەكان.

هەر لەبارەی پۆستە خۆجێیە کارگێرییەکانی پارێزگای سلێمانییەوە، عوسمان کاروانی کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامیی بە زوومی گوت، ئەوکات حزبەکە شەش پۆستی کارگێریی لە سنووری پارێزگای سلێمانی وەرگرت، دوو بەڕێوەبەری گشتی، قایمقامێک، سەرۆکی شارەوانییەک و دوو بەڕێوەبەری ناحیە.

دەشڵێت، کشانەوە لە پۆستە کارگێرییەکانی سلێمانی پەیوەستە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی هەرێم و رەوشی كارەباوە.

کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو گوتیشی، “باردۆخی کارەبا و خزمەتگوزارییەکان زۆر خراپە و نامانەوێت چیتر بەشێک بین لەو بارودۆخە خراپەی خەڵکی تێدایە”.

یەکگرتوو جگە لە پۆستی بەڕێوەبەری کارەبای سلێمانی، لە دوو پۆستی دیکەش کشاوەتەوە، بەڵام سێ پۆستی دیکەی لا ماوە، لەبارەی نەکشانەوەی ئەو سێ پۆستەی دیکەیان، عوسمان کاروانی گوتی، ئەوە پەیوەستە بە سیاسەتی یەکگرتووەوە.

یەکگرتوو لە پارێزگای هەولێر تەنها یەک کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگای هەبوو، بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ پۆستێکی کارگێڕیی پێنەدان.

پۆستە کاگێرییەکانی یەکگرتوو لە دهۆک

یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان خاوەنی 3 کورسی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆکە، کارگێڕەکەی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو دەڵێت، لە ساڵی 2016 بە گوێرەی رێککەوتنێک لە نێوان حزبەکەی و پارتی، یەکگرتوو 19 پۆستی کارگێڕیی لە سنووری پارێزگای دهۆک وەرگرت، لەوانە، جێگری پارێزگاری دهۆک، دوو بەڕێوەبەری گشتی، چەند بەڕێوبەرێکی ناحیە و ژمارەیەک پۆستی دیکە.

بەڵام بەگوتەی کاروانی، لە مانگی ئەیلوولی 2020 پارتی داوایکرد، دەستبەرداری سەرجەم پۆستەکانی پارێزگای دهۆک بن.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button