رەفەح ناکۆکیی نێوان ناتانیاهۆ و بایدنی قووڵکردووەتەوە

واشنتن پۆست: بایدن نزیکە لە پچڕاندنی پەیوەندی لەگەڵ ناتانیاهۆ

زووم:

سەرەڕای دڵنیاکردنەوەکانی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی گواستنەوەی یەک ملیۆن ئاوارەی فەلەستینی پێش ئۆپەراسینەکەی رەفەح، بەڵام پێشهاتەکە ناکۆکییەکانی نێوان بایدن و ناتانیاهۆی قووڵکردووەتەوە.

چەند بەرپرسێکی ئەمریکی قسەیان بۆ کەناڵی ئێن بی سی نیوز کردووە، دەڵێن، لەم رۆژانەی دواییدا ناتانیاهۆ بە تەلەفۆن بە بایدنی گوتووە، رێگە بە دانیشتووانی مەدەنی و ئاوارەکان دەدات پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە رەفەح بەجێبهێڵن، بەڵام روونی نەکردووەتەوە بچن بەرەو کوێ.

بۆیە ئیدارەی بایدن نیگەرانە لە دۆخەکە و پێیوایە ئیسرائیل پلانێکی رێکخراوی لە رەفەح نییە بۆ پاراستنی مەدەنییەکان.

جیاوازیی تێڕوانینەکانی نێوان بایدن و ناتانیاهۆ گەیشتووەتە ئاستێک، باس لە ئەگەری پچڕانی پەیوەندییەکانیان دەکرێت.

لەوبارەیەوە رۆژنامەی واشنتن پۆست لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە،  ئیدارەی بایدن چیتر وەک هاوبەشێک سەیری ناتانیاهۆ ناکات، نیگەرانن لەوەی ناتانیاهۆ بەردەوامە لەوەی بە ئاشکرا واشنتن “نابوت” بکات و داواکارییەکانی رەتبکاتەوە، تەنانەت توانایان نەماوە ژێربەژێریش کاریگەریی لەسەر بکەن، بۆیە بەگوتەی رۆژنامەکە، بایدن و گەورە یاریدەدەرانی لە هەر کات زیاتر نزیکن لەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ناتانیاهۆ بپچڕێنن.

سەرەڕای ئەو نیگەرانییانەی واشنتن، بەڵام لە دوایین لێدوانیدا، ناتانیاهۆ بە کەناڵی فۆکس نیوزی گوتووە، “تاکە شتێک بارمتەکانمان ئازاد بکات بەزاندنی حەماسە، بۆیە هەوڵە سەربازییەکانمان بەردەوام دەبن”.

کەناڵی 12ـی ئیسرائیلیش لێدوانێکی سەرۆک ئەرکانی سوپای وڵاتەکەی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڵاوکردووەتەوە، گوتوویەتی، “شەڕی داهاتوو لە رەفەح دەبێت و لەسەر بڕیارێکی سیاسی لەوبارەیەوە وەستاون”.

لەکاتێکدا پێشتر حەماس هۆشداریی دابوو، هەر هێرشێکی زەمینیی سوپای ئیسرائیل بۆسەر رەفەح، بە مانای لەباربردنی دانوستانەکان دێت.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button