عیمران خان دەیەوێت لە رێی دەنگی خەڵکییەوە بگەڕێتەوە دەسەڵات

دەنگی پاکستانییەکان عیمران خان لە زیندان رزگار دەکات؟

زووم:

عیمران خانیش دوای دوورخستنەوەی دەیەوێت هاوشێوەی نەواز شەریف بگەڕێتەوە گۆڕەپانی سیاسی

عیمران خان، سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان چەند رۆژێک بەرلەئێستا زیندانییەکی بێ پشتوپەنا و بی دەسەڵات بوو، ئێستا لە رێی دەنگی خەڵکی پاکستانەوە، هاتووەتەوە نێو هاوکێشە سیاسییەکان و هەلی ئەوەی هەیە لەو گۆشەگیرییەی تێی کەوتووە رزگاری بێت.

هەرچەندە دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنەکانی پاکستان، نەواز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پێشووتر و سەرۆکی بزووتنەوەی رابیتەی ئیسلامی لە شاری لاهور لە باکوری رۆژهەڵاتەوە، سەرکەوتنی راگەیاند، بەڵام دواتر عیمران خان لە پەیامێکیدا کە لە رێی زیرەکی دەستکردەوە بە دەنگ و رەنگەوە بڵاوکرایەوە، بەدەستهێنانی دەنگی زۆرینەی پاکستانییەکانی راگەیاند.

عیمران خان دوای ئەوەی لەلایەن سوپاوە دوورخرایەوە و لە دەسەڵاتەکانی داماڵرا، رێگەی پێنەدرا بە حزبەکەیەوە بەشداری هەڵبژاردن بکات، بۆیە بە کاندیدی سەربەخۆ چووە نێو رکابەری پارتەکانی دیکە.

سەرئەنجام بەگوێرەی ئەنجامە سەرەتاییەکان، بە بردنەوەی زیاتر لە 90 کورسی پەرلەمانی فیدراڵی، پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و بزووتنەوەکەی نەواز شەریف بە 66 کورسی لە پلەی دووەم هات.

دوای بە دەستهێنانی متمانەی زۆرینەی پاکستانییەکان، عیمران خان چاوی لەوەیە لەو تۆمەت و سزایانەی بەسەریدا سەپێنراوە، رزگاری بێت و بگەڕێتەوە دەسەڵات، ئەگەریش لە پشتی پەردەوە بێت.

هەلی عیمران خان بۆ دەربازبوونی لەو قەیرانەی تێی کەوتووە، دوور نییە، پێشتر نەواز شەریف رووبەڕووی هەمان کێشەی سیاسی و یاسایی بوو، لە ساڵی 2017 بە تۆمەتی گەندەڵی لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و سزای 10 ساڵ زیندانی بەسەر خۆی و کچەکەیدا سەپێنرا.

ئێستا نەواز شەریف لە تۆمەت و سزاکان رزگاری بووە و گەڕاوەتەوە نێو گۆڕەپانی سیاسیی پاکستان و سەرکردایەتی بزووتنەوەکەی کرد لە هەڵبژاردنی چەند رۆژی رابردوو.

بە هەمانشێوە، عیمران خان دەیەوێت لە رێی دەنگی خەڵکەوە دووبارە بگەرێتەوە سەر شانۆی سیاسی و لەو گۆشەگیرییەی تێی کەوتووە رزگاری بێت.

هەواڵی زیاتر

Back to top button