تەرمی هندی شەش ساڵان لە غەزە دۆزرایەوە

12 رۆژ بوو چارەنووسی هند دیارنەبوو و ئەمڕۆ تەرمەکەی دۆزرایەوە

زووم:

کارمەندانی مانگی سووری فەلەستینی دەڵێن، ئەو ئۆتۆمبێلە، “هند رەجەب” و پێنج ئەندامی دیکەی بنەماڵەکەی تێدابووە، 12 رۆژ پێش ئێستا گیریان خواردووە و لەلایەن تانک و زرێپۆشەکانی سوپای ئیسرائیلەوە لە گەڕەکی “تەل هەوا” لە باشوری رۆژئاوای کەرتی غەزە گەمارۆدرابوو، دۆزرایەوە.

مانگی سووری فەلەستینی چیرۆکەکە بەمشێوەیە دەگێڕێتەوە، دەڵێت، “منداڵێک بە تەلەفۆن داوای فریاگوزاریی کرد، پێیگوتین خۆی و کچە خاڵەکەی بە ناوی “لیان”، كە تەمەنی 14 ساڵە، زیندوون، بەڵام هەر لەکاتی پەیوەندییەکەدا سوپای ئیسرائیل ئۆتۆمبێلەکەی بەر دەستڕێژ دا”.

بەرپرسێکی مانگی سووری فەلەستینی دەڵێت، بۆ ماوەی چوار کاتژمێر پەیوەندیی تەلەفۆنیمان لەگەڵ هند بەردەوام بووە، “دۆخەکە زۆر بە ئازار بوو، چونکە منداڵەکە لە نێو شەش تەرمی خێزانەکەیدا و لەژێر بۆردومانی بەردەوامی ئیسرائیلدا قسەی دەکرد و بەردەوام بە ترس و گریانەوە دەیگوت، مامە.. وەرن بمبەن، دەترسم، زوو وەرن”.

بەگوێرەی مانگی سووری فەلەستین، چارەنووسی ئەو تیمە دوو کەسییەش کە بە ئەمبوڵانسێکەوە چوون بۆ رزگارکردنی منداڵەکە، نادیارە.

ئاژانسی هەواڵی فەلەستینی بڵاویکردەوە، باوک و دایک و بنەماڵەی هند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، تەرمی هند و پێنج ئەندامەکەی دیکەی بنەماڵەکەیان لە دەوروبەری گەڕەکی تەل هەوا دۆزیوەتەوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button