ئیسرائیل دەستی بە بۆردومانکردنی رەفەح کرد

ئیسرائیل کار بۆ گواستنەوەی فەڵەستینییەکانی رەفەح دەکات

زووم:

 

بەهۆی هێرشی چاوەڕوانکراوی ئیسرائیلەوە هۆشداری لە دۆخی مرۆیی رەفەح دەدرێت

ئیسرائیل خۆی ئامادەدەکات بۆ گواستنەوەی زیاتر لە یەک ملیۆن هاووڵاتی فەڵەستینی لە شاری رەفەح لە باشووری غەزە، تا بتوانێت دەست بە هێرشە زەمینییەکانی دژی حەماس لەو ناوچەیە بکات.

دوابەدوای ئاگادارکردنەوەکەی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردومانکردنی ناوچەی رەفەح کرد و بەلەمە جەنگییەکانی ئیسرائیل بەچڕی دەوروبەری شارەکە بۆردوماندەکەن.

ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری چەند شایەتحاڵێکەوە بڵاویکردەوە، بەیانی ئەمڕۆ ئیسرائیل دەوروبەری رەفەحی بۆردومانکردووە، ئەو ناوچەیەی نزیکەی یەک ملیۆن و 300 هەزار فەڵەستینی تێدا دەژین، ئەمەش واتە زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی غەزە، زۆرینەیان پێشتر لەدەست بۆردومانەکانی باکووری کەرتەکە هەڵاتبوون و بووەتە دوا پەناگەی ئاوارە فەڵەستینییەکان.

رۆژی هەینی بنیامین نەتانیاهۆ فەرمانی بە سوپای ئیسرائیل کرد، پلانێک ئامادەبکات بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییانی مەدەنیی رەفەح.

نووسینگەی نەتانیاهۆ لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، “ئەستەمە ئامانجەکانی جەنگ بەبێ لەناوبردنی حەماس و بارەگای کەتیبەکانی حەماس لە رەفەح بەدیبێت”، راشیگەیاندووە، “بۆ بەڕێوەچوونی هەر چالاکییەکی سەربازیی چڕ لە رەفەح، پێویستە هاووڵاتییانی مەدەنی ناوچەکە چۆڵبکەن”.

ئاژانسی ئۆنروای سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری لەم دۆخە دەدات و دەڵێت، هێرشی سەربازی بۆسەر رەفەح دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیی بێتاوان.

لەوبارەیەوە فلیپ لازارینی، کۆمسیاری گشتیی ئۆنروا دەڵێت، “نیگەرانییەکی زۆر لە رەفەح هەیە، چونکە خەڵکەکەی هیچ بیرۆکەیەکیان نییە دوای رەفەح بڕۆن بۆ کوێ”.

سەرۆکایەتیی فەڵەستین لەبارەی ئەم پلانە تازەیەی ئیسرائیل گوتی، “ئیسرائیل دەیەوێت گەلی فەڵەستین لە خاکی خۆی ئاوارەبکات.”

نادیا هاردمان، توێژەر لە بەشی مافەکانی پەنابەران لە رێکخراوی هیومەن رایتس وۆچ دەڵێت، “ناچارکردنی زیاتر لە یەک ملیۆن فەڵەستینیی رەفەح بۆ دووبارە ئاوارەبوون و بەجێهێشتنی شارەکە بێ ئەوەی شوێنێکی پارێزراویان هەبێت بۆی بچن، کارێکی نایاساییە و لێکەوتەی کارەساتئامێزی دەبێت.

وەک ئامادەکاری بۆ هەر ئەگەرێکی فراوانبوونی جەنگ لە رەفەح، لەم دوو هەفتەیەی رابردوودا میسر دەستی بە پتەوکردنی سنوورەکانی لەگەڵ غەزە کردووە، بۆ ئەم مەبەستەش نزیکەی 40 تانک و زرێپۆشی ناردووەتە باکووری رۆژهەڵاتی بیابانی سینای هاوسنوور لەگەڵ غەزە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button