بەڕێوەبەری سی ئای ئەی لەبارەی ئاگربەستى غەزە سەردانی میسر دەکات

زووم:

 

بڕیارە ئەم هەفتەیە، بیڵ بێرنز، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی سی ئای ئەی ئەمریکا، سەردانی میسر بکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆببێتەوە. ئامانجی سەردانەکەش سازکردنی گەڕێکی دیکەیە لە گفتوگۆکان بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی تازە لە غەزە و ئازادکردنی بارمتەکانی ئیسرائیلە.

لەوبارەیەوە، بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل و ئەمریکا بە ماڵپەڕى ئاکسیۆسی ئەمریکییان گوتووە، سەردانەکەی بێرنز کە پێشبینی دەکرێت رۆژی سێشەممە بێت، راستەوخۆ لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکاوە ئاراستەکراوە بۆئەوەی لەڕێگەی نێوەندگیرانی قەتەر و میسرەوە فشاری زیاتر بخەنە سەر حەماس تاوەکو بە رێککەوتنێک رازیی ببێت کە بتوانرێت جێبەجێ بکرێت.

هەرچەندە چەندین مانگە دانوستانەکان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان ئسیرائیل و حەماس هیچ ئەنجامێکی نەبووە، بەرپرسانی ئەمریکی هەفتەی رابردوو جۆرێک لە گەشبینییان راگەیاندووە کە حەماس ئامادەیی دەربڕیوە بۆ گفتوگۆکان لەبارەی رێککەوتنێکی نوێوە. ئەم سەردانەی بەڕێوەبەری سی ئای ئەی-ش دوای ئەوە دێت کۆتایی هەفتەی رابردوو شاندێکی حەماس لە میسر بوون بۆ هەمان پرس. بەڵام هێشتا روون نییە کەی دەگەنە رێککەوتن، لەکاتێکدا تادێت مەترسییەکانی هێرشکردنە سەر ناوچەی رەفەح لەلایەن ئیسرائیلەوە زیاتر دەبێت.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button