ژمارەیەک سەربازى خانەنشینى لوبنان هێرشیان کردە سەر بیناى ئەنجومەنى وەزیران

زووم:

ژمارەیەک سەربازی خانەنشینکراوی لوبنان، هێرشیان کردە سەر باڵەخانەی حکومەتی وڵاتەکەیان لە بەیرووتی پایتەخت.

سەربازەکان، کە ساڵانێکی دوورودرێژی تەمەنیان لە خزمەتکردنی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی لوبنان بەسەربردووە، نیگەرانن لە موچەی خانەنشینییەکەیان و دەڵێن: بەهۆی هەڵاوسانی ئابوورییەوە لەو پارەیەی وەریدەگرن هیچیان بۆ نامێنێتەوە.

سەرەتا هێزە ئەمنییەکان و پاسەوانەکان، رێگریان لە گەیشتنی سەربازە خانەنشینکراوەکان بە باڵەخانەی حکومەت کرد و بە گازی فرمێسکڕێژ رووبەڕوویان بوونەوە، بەڵام خۆپیشاندەرە توڕەکان بە داخستنی ژمارەیەک لە رێگەکانی گەیشتن بە باڵەخانەکە، رێگرییان کرد لە گەیشتنی ژمارەیەک لە وەزیرەکان بە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران.

پاشان بە فشاری هێزە ئەمنییەکان رێگەکان کرانەوە و وەزیرەکان گەیشتن بە کۆبوونەوەکە، کە دوو کاتژمێر لە وادەی دیاریکراو دواکەوت.

خانەنشینانی سەربازیی داوای چاکسازیی لە سیستمی خانەنشینیی دەکەن، هەروەها داوا دەکەن %40ی ئەو موچەیەی لەکاتی خزمەت وەریدەگرن، وەک موچەی خانەنشینی بدرێت بە هەموو خانەنشینانی کەرتی گشتی و هێزە چەکدارەکان.

دوای ئەم خۆپیشاندانە، نەجیب میقاتی سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری لوبنان بڕیاریدا، رۆژی شەممەی داهاتوو، کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی کارمەندانی سەربازی و فەرمانبەرانی کەرتی گشتی لە رووی مووچەوە ئەنجامبدات.

زیاتر لە سێ ساڵە لوبنان کەوتووەتە دۆخێکی سەختی ئابوورییەوە، بەهای دراوی وڵاتەکە بە ئاستێکی پێوانەیی بەرامبەر دۆلار دابەزیووە، رێژەی هەژاریی و بێکارییش رۆژ دوای رۆژ لە بەرزبوونەوەدایە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button