بەرپرسانی ئیسرائیل: داواکارییەکانی حەماس قبوڵکراو نین و ئیسرائیل لە غەزە ناکشێتەوە

زووم:

بەرپرسێکی حکومەتی ئیسرائیل دەڵێت، زۆرێک لە داواکارییەکانی حەماس لە بارەی ئاگربەستەوە قبوڵکراونین و بۆی هەیە رەتبکرێنەوە، یەکێکی دیکەشیان دووپاتیدەکاتەوە، ئیسرائیل بە کشانەوە لە غەزە رازی نابێت.

کەناڵی 13ی ئیسرائیل لە زاری بەرپرسێکی باڵای حکومەتەوە گواستیەوە، زۆرێک لە داواکارییەکانی حەماس بۆ راگرتنی جەنگ و گۆڕینەوەی بارمتەکان، لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا جێی قبوڵکردن نین.

بە گوتەی ئەو بەرپرسە، ئێستا لە نێو حکومەتی ئیسرائیل گفتوگۆ لەسەر ئەوە، ئایا داواکارییەکانی حەماس بە تەواوی رەتبکەنەوە، یان بچنە دانوستانەوە بۆ ئەوەی گۆڕانکارییان تێدا بکرێت و کەمبکرێنەوە.

بەرپرسێکی دیکەی ئیسرائیلیی ئاگاداری دانوستانەکەن، بە کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی گوتووە، مەحاڵە ئیسرائیل بە پێشنیاز و داواکارییەکانی حەماس رازیبێت بۆ راگرتنی شەڕ و گۆڕینەوەی بارمتە و زیندانییەکان، دووپاتیکردووەتەوە، ئیسرائیل بە راگرتنی شەڕ و کشانەوە لە غەزە رازی نابێت.

بەرپرسە ئیسرائیلییەکە ئاشکراشیکردووە، حەماس داوای ئازادکردنی ئەو زیندانییانەی کردووە لە 7ی ئۆکتۆبەر دەستگیرکراون، بەڵام هەرگیز ئیسرائیل بەو داواکارییە رازی نابێت.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button