“ناوازەترین دیکتاتۆری جیهان” بووەوە بە سەرۆکی سلڤادۆر

زووم:

رۆژی یەکشەممە دەنگدەران لە سلڤادۆر بەشداری هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییان کرد، بۆ جاری دووەم “نەجیب بوقیلە” وەک سەرۆکی وڵاتەکە هەڵبژێردرا.

بوقیلەی تەمەن 42 ساڵ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، “بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، بەڕێژەی زیاتر لە %85ـی دەنگەکان، بووینە براوە و توانیمان بەلایەنی کەمەوە 58 کورسیی پەرلەمان بەدەستبهێنین”.

بەمە، نەجیب بوقیلە بوو بە یەکەم سەرۆکی سلڤادۆر لەماوەی 100 ساڵی رابردوودا بۆ دووەم جار بە سەرۆک هەڵبژێردرێتەوە.

نەجیب بوقیلە سیاسی و سەرمایەدارێکی سلڤادۆری بەڕەچەڵەک فەلەستینییە، لە ساڵی 1981 لە شاری سان سلڤادۆری پایتەخت لەدایکبووە، تەمەنی کەمتر لە 19 ساڵ بووە کاتێک لە بواری بەڕێوەبردنی کار دەستبەکاربووە، دواتر لە ساڵی 2012 چووەتە بواری سیاسییەوە، تەنها دوای حەوت ساڵ توانی ببێتە شەشەم سەرۆککۆماری سلڤادۆر.

بوقیلە سەرەتا لە کۆلێژی یاسا لە زانکۆی “یو سی ئەی” دەستی بە خوێندن کرد، بەڵام بەهۆی دابڕانی لە خوێندن بڕوانامەی بەدەستنەهێنا، زیاتر خۆی بە سیاسەتەوە سەرقاڵ کرد.

سەرۆکەکەی سلڤادۆر نازناوی “ناوازەترین دیکتاتۆری جیهان”ـی لەخۆی ناوە، خاوەنی زۆترین جەماوەرە لە وڵاتەکە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەڵمەتەکانی دژی مافیاکانی سلڤادۆر.

بەهۆی هەڵمەتەکانی بوقەیلە بۆ لێدان لە مافیاکان، %1ـی دانیشتووانی سلڤادۆر دەستگیرکراون.

ناوەڕاستی ساڵی رابردوو هەزاران مافیا و گومانلێکراو گوێزراونەوە بۆ زیندانێکی گەورەی سلڤادۆر، کە لە ماوەی یەکەمی سەرۆکایەتیی بوقیلەدا دروستکرابوو، دواتر سەرۆکە گەنجەکە گوتی، “زیندان دەبێتە ماڵی تازەیان و چیتر ناتوانن زیان بە خەڵک بگەیەنن.”

لەماوەی دەسەڵاتی نەجیب بوقیلە رێژەی توندوتیژی بەشێوەیەکی بەرچاو لە سلڤادۆر کەمیکردووە، لەکاتێکدا ساڵانی پێشوو یەکێک بوو لە مەترسیدارترین وڵاتەکانی جیهان.

رێکارەکانی ئەو سەرۆکە وەرچەرخان بوو لە مێژووی وڵاتەکە، بەوپێیەی بووە هۆی کەمکردنەوەی بەرچاوی تاوانەکانی کوشتن، هەر ئەمەش وایکرد بۆ دووەمجار هەڵبژێردرێتەوە بۆ سەرۆکایەتیکردنی سلڤادۆر.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button