ئیسرائیل بەشێکی دیکەی غەزە دادەبڕێت و دەیکاتە ناوچەیەکی ئەمنیی دابڕێنراو

 زووم:

ئیسرائیل بەشێوەیەکی پلان بۆداڕێژراو سەدان باڵەخانەی لە کەرتی غەزەدا رووخاندووە و دەیەوێت ناوچەیەکی ئەمنیی دابڕێنراو بە درێژایی سنووری غەزە درووستبکات، ئەمەش بە گوێرەی چەند رێکخراوێکی مرۆیی، سەرەڕای کوشتنی زیاتر لە 27000 کەسی مەدەنی لە غەزە، مەترسییەکی جدیی لەسەر ژیانی ئەوانی دیکەش درووستکردووە.

ئاژانسی هەواڵیی فرانس پرێس لە راپۆرتێکدا باس لەوە دەکات، ئەگەرچی پلانەکە تا ئێستا بە ئاشکرا لەلایەن ئیسرائیلەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام بەگوێرەی وێنەی مانگە دەستکردەکان، سوپای وڵاتەکە خەریکە ناوچەیەک لە غەزە دادەبڕێت و خستوویەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە، هەنگاوێک کە هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی ئیسرائیل هۆشدارییان لە دژی داوە.

ئیسرائیل بە قووڵی یەک کیلۆمەتر باڵەخانەکانی غەزەی رووخاندووە کە بەگوێرەی فرانس پرێس، تا ئێستا زیاتر 30%ی باڵەخانەکان لەو ناوچەیە تەقێنراونەتەوە.

غەزە سنوورێکی 60 کیلۆمەتری لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە، پشتیشی بە دەریاوەیە، درووستکردنی ئەو ناوچە ئەمنییە دابڕێنراوە لەلایەن ئیسرائیلەوە، دەبێتەهۆی بڕینی 60 کیلۆمەتری چوارگۆشەی دیکە لە کەرتەکە کە خۆی تەنها 360 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە.

سوپای ئیسرائیل خەڵکی ئەو ناوچەیەی ناچارکردووە ماڵەکانیان چۆڵبکەن، ئەمەش بەگوێرەی شرۆڤەکارانی تەنانەت خودی ئیسرائیلیش پێشێلکاریی یاساکانی جەنگە.

لەبارەی وێرانکارییەکانی سوپای ئیسرائیلەوە، کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە کە باس لەوە دەکات بەشێک لە سەربازانی سوپای وڵاتەکە نیگەرانن لەوەی کە حکومەتەکەی ناتانیاهو بەسەر غەزەیدا هێناوە.

لەوبارەیەوە ئامۆس شانی، سەربازێکی یەدەگی تەمەن 26 ساڵ بە سی ئێن ئێنی راگەیاندووە، هیچ گلەیی لە فەلەستینییەکان ناکات کە رقیان لە ئیسرائیل بێت.

ئەو دەڵێت، “هۆکاری زۆر باشیان هەیە بۆ ئەوەی رقیان لێمان بێت. کە دەچیتە غەزە دەبینیت شارەکە لەسەر ئاگرە و بەردەوام بۆردوومان دەکرێت. من هاوڕێیەکی نزیکم لە غەزەدا کوژرا، بەردەوام بیرم لای ئەو خەڵکەیە کە تەواوی ئەندامانی خێزانەکەیان لە بۆردوومانەکاندا لەدەستداوە.”

هەواڵی زیاتر

Back to top button