ئەمریکا هەڕەشەى بەردەوامبوونى هێرشەکانى لە عێراق و سوریا دەکات

زووم:

رۆژنامە عەرەبییەکان

شەرقولئەوسەت

ئەمریکا هەڕەشەى بەردەوامبوونى هێرشەکانى لە عێراق و سوریا دەکات

جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا نیازی هەیە هێرشی زیاتر بکاتە سەر ئەو گرووپانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەر بە ئێرانن.  ئەمە پەیامی روونی ئەمریکایە، کە لە هەرکوێ و کەی هێرش بکرێتە سەر هێزەکانمان وەڵاممان دەبێت.

رۆژنامەکە نووسیویەتى، حەشدی شەعبیی لە عێراق تەرمی کوژراوەکانی بەخاک دەسپێرێت و داواش دەکات، هێزەکانی ئەمریکا وڵاتەکە بەجێبهێڵن

عەرەبی جەدید

واشنتن دەڵێت، سەرگرتنی رێککەوتنى ئاڵوگۆڕپێکردنی بارمتەکان کەوتووەتە دەستی حەماس

جەیک سولیڤان، راوێژکارى ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەڵێت، تۆپەکە ئێستا لە گۆڕەپانی حەماسدایە، ئەو دەتوانێت کارێک بکات، رێککەوتنەکان لەسەر ئاڵوگۆڕپێکردنی دیل و بارمتەکان سەربگرێت.

وێنەی سەر بەرگی یەکەمی ئەم رۆژنامەیە سەرنجڕاکێش بوو، منداڵێکی فەلەستینی مەنجەڵێکی خاڵیی کردوە بە سەری خۆیدا و چاوەڕوانی وەرگرتنی خواردنە. لەسەری نوسراوە، کە جەنگی ئیسرائیل بۆسەر غەزە گەشتوە بە سەرەتای مانگی چوارەمی و تادێت مەینەتییەکانی خەڵکە هەژارەکەش زیاتر دەبن.

عەرەبی چاپی لەندەن

لە میسر چینی ناوەندی ناتوانن بەگوێرەی پێویستی خۆیان نان بکڕن

شەڕی ناوچەکە و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی نێو خودی میسر، وایانکردووە نرخی دراوە نیشتمانییەکەیان لە ئاستی دۆلاردا زۆر داببەزێت. بەمشێوەیە حکومەتیش لە پاڵپشتیکردنی نرخی نان کشاوەتەوە، بۆیە نرخەکەی بەڕێژەی 100% گران بووە.

جاران نرخی بابەتە خۆراکییەکانی دیکەى رۆن و وشکە و پاقلەمەنییەکان گران بوون، بەڵام نرخی نان هەر گونجاو بوو. ئێستا کە نرخی ئەویش بەرزبووەتەوە، ژیانی خەڵکی چینی ناوەند قورستر بووە.

قودسى عەرەبی

لە قودس، هێزی داگیرکەر پەلاماری چەند شوێنێکی داوە و قەشەیەکی مەسیحییش دەستدرێژیی کراوەتەسەر

رۆژنامەکە نووسیەتى، سوپای ئیسرائیل لە کەناری رۆژئاوا پەلاماری چەند شوێنێکیان داوە. مانگی سوری فەلەستینی دەڵێت، لە خێوەتگەی بەلاتە لە نابلس چەند گەنجێک بە تەقەی ئەو هێزانە بریندارکراون، لە قودسیش بەهەمان شێوە، لەنێو قودسدا کەسانی سەر بەهێزی ئیسرائیلی پەلاماری کڵێسایەکیان داوە و لە قەشەی کڵێساکەیان داوە.

 

رۆژنامە ئینگلیزییەکان

فاینانشیەڵ تایمز

ئێران تۆڕێکی خۆدزینەوە لە سزاکانی سەری دروستکردووە لە رێگەی هەژماریی بانکی لە دامەزراوەی لۆیدز و سانتاندەری بەریتانیەوە

ئێران دوو لە گەورەترین دامەزراوەی بانکی بەریتانیی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی پارەکانی تیادا دابنێت وەک رێگەیەک بۆ خۆدزینەوە لەو سزایانەی بەسەریدا سەپێنراون، ئەم کارەش لەرێگەی دامەزراوەی هەواڵگریی تارانەوە پشتیوانیی لێکراوە. میکانیزمی کارەکە بەشێوەیەک بووە ئەو دوو بانکە هەژماریان بۆ کۆمپانیای پێترۆکیمیایی بەریتانیی کردووەتەوە کە لە بنەڕەتدا بە شاراوەیی ئێران خاوەندارێتی کردوون و ئۆفیسەکانیان لە نزیک کۆشکی شاهانەی بەکینگهامی ئەو وڵاتەدایە.

گاردیەن

ئەمریکا دەڵێت هێرشە ئاسمانییەکان بۆسەر میلیشیاکانی نزیک ئێران تەنها سەرەتایەکن

جەیک سولەیڤان، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشەکانی وڵاتەکەی بۆسەر گرووپە میلیشیاییەکانی نزیک لە ئێران تەنها سەرەتایەکن بۆ وەڵامدانەوەی هێرشە درۆنییەکەی ئوردن. هاوکات ئەوەشی رەتنەکردەوە کە لە داهاتوودا هێرش بکەنە سەر خاکی ئێران. ئاماژەی بەوەشکرد هێرشەکانیان کۆتایی نەهاتووە و لە داهاتوودا هەنگاوی دیکەش دەگرنەبەر بۆ ئەوەی پەیامەکەیان بەڕوونی بگات کە هەرکاتێک هێرش بکرێتە سەر پێگەکانیان یان سەربازەکانیان بکوژرێن بە زەبرێکی بەهێز وەڵامی دەدەنەوە.

ئۆرشەلیم پۆست

کۆشکی سپی دەڵێت رێککەوتنامەی ئازادکردنی بارمتەکان لە ئێستادا لەسەر وەڵامی حەماس ماوەتەوە

نزیکەی چوار مانگ دوای هێرشەکەی حەماس و جەنگ لە کەرتی غەزە، لە ئێستادا جیهان سەرقاڵی گفتوگۆکانە بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێک لەنێوان ئیسرائیل و حەماسدا. لە تازەترین پێشهاتیشدا، حەماس نکوڵیی لەوە دەکات کە رێککەوتننامەکەیان رەتکردبێتەوە. ئەگەرچی فەڵەستینییەکان نیمچە سەربەخۆییەکیان لە غەزە و کەرتی رۆژئاوادا وەرگرت، حەماس سوودی لەو دەرفەتە وەرگرت بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، لە ئێستادا ئیسرائیلییەکان نیگەرانی ئەوەن ئەگەر دەوڵەتێکی سەربەخۆیان هەبێت، ئەبێت چ مەترسییەک بۆسەریان دروست بکەن.

واشنتن پۆست

ئابووریی ئەمریکا لە گەشەکردن بەردەوامە بەڵام کەمکردنەوەی کارمەندان لەلایەن کۆمپانیا تەکنەلۆجییەکان هێشتا زۆرە

سەرەڕای بووژانەوەی ئابووری ئەمریکا لە ساڵی تازەدا، بەشێک لە کۆمپانیا تەکنەلۆجییەکان بەردەوامن لە کەمکردنەوەی ژمارەی کارمەندەکانیان، کە ئامانج لێی بەدەستهێنانی قازانجی زیاترە. لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا سەدان هەزار کارمەندی ئەو کۆمپانیایانە لەکارەکانیان دوورخراونەتەوە، هەرچەندە ئابووریی ئەمریکا تەنها لە مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتە لە 353 هەزار هەلی کاری رەخساندووە، ئەم بابەتە وەک نەریتێکی لێهاتووە و پێناچێت هەرگیز کۆتایی بێت لەناو ئەو کۆمپانیا گەورانەی بواری تەکنەلۆجیادا.

رۆژنامە تورکییەکان

یەنی شەفەق

ئەمریکا پێنج شاری یەمەنی بۆردومان کرد

لەپاش ئەوەی ئەمریکا بنکەی هێزە چەکدارەکانی سەربە ئێرانی لە عێراق و سوریا بۆردومان کرد،

حوسەینییەکانی یەمەنیشی کردە ئامانج.

لەو هێرشە ئاسمانییەدا کە بەریتانیا پشتیوانی کرد، بۆردومانی سەنعای پایتەخت و شارەکانی زێمار و حەجی و ئەلبەیدا و چەند ناوچەیەکی دیکە کرا.

ئەکشام

لە ماوەی ساڵێکدا 79 ملیار لیرە خەرجکراوە

لە ساڵیادی بومەلەرزەکەی 6ی شوباتدا لەڕێگەی ئەو هاوکارییانەی کۆکراونەتەوە، دەزگای AFAD بڕی لە کۆی 129 ملیار لیرە، تەنها 79.3 ملیار لیرە بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزەکە خەرجکردووە

سەباح

ئیسرائیل بەدوای خاکی زیاترەوەیە

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا دەربارەی پێشهاتەکانی شەڕی غەزە رایگەیاند، ئیسرائیل پرسی ئاسایشی نییە بەڵکو بەدوای داگیرکردنی خاکی زیاترەوەیە لە غەزە.

گوتیشی، هەرکاترێک فەڵەستین بووە دەوڵەت ئەوکات سەقامگیریی بۆ ناوچەکە و بۆ ئیسرائیل دەستەبەردەبێت.

ئاکیت

نزیکەی 14 هەزار خوێندکار مۆڵەتی لەبەرکردنی قورئانیان وەرگرتووە

سەرۆکی کاروباری ئاینی تورکیا رایگەیاند، لە ساڵی 2023دا رێژەی ئەو خوێندکارانەی مۆڵەتی لەبەرکارێتی قورئانیان وەرگرتووە گەیشتووەتە 13.349 خوێندکار،  ئەوەش بەرزترین ئاستە کە لە ساڵی 1975ـەوە تۆمارکرابێت.

رۆژنامە فارسیەکان

قودس

50 کەس بۆ هەر کورسییەکی پەرلەمانی ئێران کێبڕکێ دەکەن

بەگوێرەى رۆژنامەکە 750 کەسی دیکە بۆ کۆی گشتی کاندیدە پەسەندکراوەکانی هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى ئێران زیادکراوە، ئەم ژمارە 14 هەزار کەسی تێپەڕاند و ئێستا بۆ هەر کورسییەکی پەرلەمان 50 کەس پێشبڕکێ دەکەن.
لە کاتێکدا کەمتر لە مانگێک ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی ئێران ئەگەری هەیە ئەم ژمارەیە زیاتریش بێت، بەهۆی ئەوەی بەرپرسان دەیانەوێت زۆرترین بەربژێرەکان پەسەند بکەن و بەشداری لە هەڵبژاردن زیاتر بێت.

جمهوری ئیسلامی

لە کرماشان دەست بەسەر نزیکەن سێ تەن مادەی هۆشبەر گیراوە

فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، ئەمساڵ 2759 کیلۆ مادەی هۆشبەر بەتایبەتی تلیاک لە کرماشان دەستی بەسەردا گیراوە و 27 گرووپی بڵاوکردنەوەی مادەی هۆشبەر لەناوبراون.
ئەو دەستگیرکردنی 5936 کەسی لە ماوەی ساڵێکدا بەهۆی تێوەگلاون لە بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکانەوە لە پارێزگای کرماشان راگەیاند، پلەی سێیەمی هەیە لە بازرگانی بە مادەی هۆشبەر لە ئاستی ئێراندا.

پەیام ما

100 نەخۆشخانە وەک نەخۆشخانەی گاندی مەترسیان لەسەرە

بەرپرسی بەشی دەرمانی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، 350 نەخۆشخانەی کۆن لە ئێراندا هەیە، تەمەنیان زیاترە لە 25 ساڵ و ئەوەش ژمارەیەکی مەترسیدارە.
بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ئیسنا سەعید کەریمی ئاماژەی بەوە کرد، نەخۆشخانەی گاندی یەکێک لەو ژمارە زۆرەی نەخۆشخانە کۆنەکان بوو کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لەناوچوو لە ئێستاش مەترسی لەسەر 350 نەخۆشخانەی دیکە هەیە چارەنووسی هاوشێوەیان هەبێت یان بە هۆکاری وەک بومەلەرزە لەناوبچن.

ئاسیا

بازاڕی مریشک جێگیر کراوە و نرخەکان دابەزیون
سەرۆکی سەندیکای فرۆشیارانی مریشک و ماسی لە ئێران دەڵێت، رەنگە هەندێک شوێن مریشک بە گران و زیاتر له 100 هەزار تمەن بفرۆشن، بەڵام ئێمە رایدەگەیەنین خەڵک نابێت بە زیاتر لە نرخی دیاریکراو بیکڕن.
لە ئێستادا لە بازاڕ مریشکی زۆر هەیە و لە رووی نرخەوە بازاڕ بەراورد بە مانگانی پێشوو هاوسەنگتر بووە و نرخی هەر کیلۆیەک مریشک دابەزیوە بۆ 85 هەزار تمەن و داوا لە خەڵک دەکەین لەوە زیاتر نەیکڕن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button