جارێکی دیکە دادگەی فیدڕاڵی بڕیاردانی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دواخست

زووم:

جارێکی دیکە دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیاردانی لەسەر دوو سکاڵا دواخستەوە کە لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکرابوون.

لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا، دادگەکە لەبارەی سکاڵاکەی زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەین لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کۆبووەوە، کە سکاڵاکان لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکوەزیران و سەرۆکی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.

سکاڵاکاران داوا دەکەن دادگەی فیدڕاڵی مادەکانی یەک و نۆ و 15و 22 و 36 لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە نادەستووری دابنێت، کە تایبەتن بە کورسیی کۆتاکان و بازنەی هەڵبژاردنەکان و تۆماری دەنگدەران، بەڵام لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆشدا دادگای فیدڕاڵی جارێکی دیکە بڕیاردانی کۆتایی لەسەر سکاڵاکە بۆ 11ی ئەم مانگە دواخست.

بەهۆی دواکەوتنی یەکلاییبوونەوەی سکاڵاکان لە دادگەی فیدڕاڵی، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق نەیتووانی لە دوا وادەی دیاریکراوی خۆیدا کە 25ی شوبات بوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدات و داوای دیاریکردنی وادەیەکی دیکەی کرد.

هەواڵی زیاتر

Back to top button