سبەی مووچەی پەروەردە دابەشدەکرێت و مامۆستایانی ناڕازی خۆپیشاندان دەکەن

زووم:

بڕیارە سبەی یەکشەممە مووچەی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دابەشبکرێت، هاوکات مامۆستایانی ناڕازیی بەردەوامن لە بایکۆت و سبەی لە سلێمانی خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن.

عوسمان گوڵپی یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازیی بە زوومی گوت، سبەی یەکشەممە مامۆستایانی ناڕازیی لە شاری سلێمانی و رۆژی دووشەممەش لە شار و شارۆچکەکانی دیکە، خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن و بەردەوام دەبن لە بایکۆتکردنی پرۆسەی خوێندن.

بەردەوامیی بایکۆتی پرۆسەی خوێندن لە کاتێکدایە، سبەی یەکشەممە مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵی ژمارەیەک وەزارەت دابەشبکرێت، لە نێویاندا وەزارەتی پەروەردە، لەو بارەیەوە، عوسمان گوڵپی گوتی، ئەوان بۆ یەک مووچە بایکۆتیان نەکردووە، تاوەکو بە دابەشکردنی بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن.

13ی مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوو ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە، بەڵام لەو کاتەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان، مامۆستایان دەستیان بە بایکۆتی پرۆسەی خوێندن کردووە و هێشتا لە بەشێك لە قوتابخانە و خوێندنگەکانی سنوورەکە بایکۆت بەردەوامە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button