کۆڵبەرانی رۆژهەڵات قوربانیی بەردەوامی کوشتن و ئەشکەنجەن

زووم:

رۆژانی رابردوو گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکرایەوە، ئازار و ئەشکەنجەی کۆڵبەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن سەربازانی ئێرانەوە نیشان دەدات.

رووداوەکە لە سنووری “هەنگەژاڵە”ی نزیک شاری بانە بووە، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشەی کوشتن لە کۆڵبەران دەکەن، ناچاریان دەکەن لەو کەشە زستانییەدا لەسەر بەفر بخەون و خۆیان بە شاخە بەرفرینەکەدا هەڵبدەنە خوارەوە.

هەڵسوکەوتەکە کاردانەوەی خەڵکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە و ئازارەکانی کۆڵبەرانی خستەوە بەر باس.

ئەمە بەخاکسپاردن و پرسەی کۆڵبەرێکی گەنجی کوردە، چەند رۆژێک پێش ئێستا لەلایەن سەربازانی ئێرانەوە بە تەقەی راستەوخۆ کوژراوە.

کۆڵبەران تەنها لەلایەن ئێرانەوە تووشی ئازار نابن، ماوەیەک پێش ئێستا گرتەیەکی ڤیدیۆیی دیکە بڵاوکرایەوە، ژمارەیەک کۆڵبەر لەلایەن پاسەوانی سنووری عێراقەوە دەستگیرکراون و سووکایەتییان پێکرا، سەریان تاشرا و دواتر گەرێندرانەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان.

بە گوێرەی راپۆرتی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، ساڵی رابردوو 27 کۆڵبەر کوژراون و 258 کۆڵبەر بریندار بوون، تەنها مانگی یەکەمی ئەمساڵیش لانیکەم 6 کۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و 44 کۆڵبەریش برینداربوون، زۆربەیان خەڵکی شارەکانی سەقز، جوانڕۆ و پاوەن.

بەشێک لەو کۆڵبەرانەی دەبنە قوربانی، مێردمنداڵن، بۆ دەستخستنی بژێوی ناچارن کاری کۆڵبەری بکەن، مانگی رابردوو 7 کۆڵبەری مێردمنداڵ بریندار بوون.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button