تۆڵەی ئەمریکا، دەنگێکی گەورەی دوور لە ئێران

زووم:

 

هێرشەکانی ئەمریکا بە دەنگێکى گەورە دەستیپێکرد، بەڵام پێناچێت بۆماوەیەکی دوورودرێژ بەردەوام بن.

ئەگەرچی هێرشەکانی شەوی رابردوو دەنگدانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام وەڵامێکی سنورداربوون بۆ هێرشەکەی ئوردن کە سێ سەربازی ئەمریکی تێیدا کوژران، هێرشێک کە لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا کوشندەترین بووە بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا.

کەناڵەکانى سی ئێن ئێنی ئەمریکی و بی بی سی بەریتانی لە دوو راپۆرتی شیکاریدا شیکارییان بۆ هێرشەکان کردووە، کە تاچەند هێرشەکە لە ئاستی وەڵامی هێرشەکەی ئوردندا بووە و بۆچی ئەمریکا هێرشەکەی بۆماوەی یەک هەفتە دواخست؟

سی ئێن ئێن دەڵێت، هێرشەکان بە بەرزیی دەنگ دەدەنەوە، بەڵام پێناچێت بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بەردەوام بن. ئەگەرچی هێرشەکان چڕوپڕ بوون و 85 پێگەیان لە حەوت شوێنی جیاوازی عێراق و سوریا لەرێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە بۆردوومانکرد، تەنها 30 خولەکی خایاند، ئەمەش بە ماوەیەکی کورت بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئوردن وەسفدەکات.

ئیدارەی بایدن رووبەڕووی پرسیار و رەخنەی زۆری کۆمارییەکان بووەتەوە لەبارەی کاتی هێرشەکان و بەهێزییان. بەڵام شارەزایانی سیاسەتی بیانیی پێیانوایە درەنگ وەڵامدانەوەی ئەمریکا بۆ ئەو هێرشانە، رێگەیداوە بە ئێران هێزە سەربازییەکانی خۆی بکێشێتەوە، ئەمەش رێگریی لە شەڕێکی بەرفراوانی نێوان ئێران و ئەمریکا کردووە، ئەمەشیان وەک سوودی سەرەکیی دواکەوتنی هێرشەکان باسکردووە.

هەرچەندە دوای هێرشەکە کۆشکی سپی و پنتاگۆن رایانگەیاند، خۆیان لە ناردنی پەیام دەپارێزن، بەڵام بەر لە هێرشەکان بەردەوام ئەوکارەیان دەکرد بۆ ئەوەی خۆیان لە شەڕی ئێران بپارێزن، لە ئەنجامیشدا هێرشیان نەکردە سەر خاکی ئێران. ئەمەش لەکاتێکدایە، سەرەڕای تۆمەتبارکردنی لەلایەن واشنتنەوە، ئێران بەردەوام نکوڵی کردووە لەوەی دەستی لە هێرشەکانی سەر پێگەکانی ئەمریکادا هەبێت.

هاوکات کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی باس لەوە دەکات، ناردنی ئەو پەیامانە بۆ کەمکردنەوەی زیانی هەڵە تێگەیشتن بووە لە نێوان ئێران و ئەمریکا، ئەمەش وایکردووە گرووپە میلیشیاییەکان شوێنی پێگەکانی خۆیان بگۆڕن و ئاماری قوربانییان کەمتر ببێتەوە. راپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات، هۆشدارییەکانی هەفتەی رابردووی ئەمریکا بۆ ئەوە بووە دڵنیایی بدەن کە هێرشەکانی ئەمریکا خزمات بە ئیسرائیل ناکەن، کە رەنگە بووبانە هۆی تۆڵەکردنەوە لە ئیسرائیل و هێندەی دیکە ئاڵۆزییەکانی قوڵتر کردبایەوە.

سی ئێن ئێن دەڵێت ئەمریکا بۆیە دەیەوێت لە ئێستادا خۆی لە شەڕی ئێران بپارێزێت، دۆخەکە لەمساڵدا جیاوازە لە ساڵی 2020 کە تیایدا ئەمریکا راستەوخۆ هێرشی کردە سەر قاسم سلێمانی، ئێستا بەشێوەیەکە، لەسەر لێواری تەقینەوەدایە لە ناوچەکەدا، هەربۆیە نە ئەمریکا و نە ئێرانیش، نایانەوێت بکەونە ناو ئەو شەڕەوە کە ئەگەر رووبدات کۆتاییهێنانی ئەستەمە، بەتایبەت بۆ ئەمریکا کە ئەمساڵ هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازی لەپێشە.

ئەگەرچی فشاری کۆمارییەکان تا دێت لەسەر ئیدارەی بایدن زیاتر دەبن، واشنتن خۆی پاراستووە لەوەی راستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئێران، ئەگەر کارێکی لەوجۆرە بکات، بایدن دەکەوێتە بەر رەخنەی دۆناڵد ترەمپ و فشاری کۆمارییەکان وەک ‘تەڵەیەک’ دەبن بۆ بایدن، هەربۆیە نایەوێت بکەوێتە ئەو تەڵەیەوە.

شەوی رابردوو ژمارەیەک فرۆکەی ئەمریکی لە جۆری B1، لە ئەمریکاوە هاتنە ئاسمانی سوریا و عێراق، بەپەلە چەند گورزێکی خێرایان وەشاند و گەڕانەوە، دواتر بەرپرسانی ئەمریکا وردەکاریی هێرشەکانیان ئاشکراکرد.

هێرشەکان لە تۆڵەی کوژرانی سێ سەربازە ئەمریکییەکەی بنکەی “تاوەر 22” بوو لە ئوردن، لە نزیکەی نیو کاتژمێردا 85 ئامانجیان لە سوریا و عێراق پێکا و دەستبەجێ ئاسمانی ناوچەکەیان بەجێهێشت.

ئەو پێگە و بنکانەی ئەمریکا بەئامانجی گرتن  سەر بە گرووپە چەکدارەکان و حەشدی شەعبی بوون، بارەگای فەرماندەیی چالاکییەکان و پێکە سەربازییەکان، جبەخانەی چەک و تەقەمەنی و ناوەندە هەواڵگرییەکان پێکران، بەو ئامانجەی توانای گرووپە چەکدارەکان بۆ پەلاماردانی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە لاواز بکەن.

یەکێک لە بۆردومانەکانی ئەمریکا لە عێراق، بارەگایەکی سەرکردایەتیی حەشدی شەعبی لە  ناوچەی عوکاشات کردووەتە ئامانج، بەهۆیەوە ژمارەیەک ئەندامی حەشدی شەعبی کوژران و برینداربوون.

لە ناوچەی قائیمیش، چوار بارەگای کەتیبەکانی حزبوڵای عێراق بەئامانجگیران، کە یەکێکیان گەنجینەی تەقەمەنی بووە، بەو هۆیەوە مزگەوتەکانی شارۆچکەکە، داوایان لە دانیشتووانی نزیک بارەگاکە کردووە خانووەکانیان بە جێبهێڵن.

لەبارەی هێرشەکانی سوریا و ژمارەی کوژراو و بریندار، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکراکرد، بەگوێرەی ئاماری سەرەتایی 18 ئەندامی سەر بە گرووپەکانی ئێران کوژراون، دواتریش وەزارەتی بەرگریی سوریا بێ ئەوەی هیچ ژمارەیەک ئاشکرا بکات، گوتی، هاووڵاتیی مەدەنی و سەرباز بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکاوە کوژراون.

هێرشەکانی ئەمشەو ناو خاکی ئێرانی بەئامانج نەگرت، بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، نایانەوێت بچنە جەنگێکی کراوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران.

ئەمریکا ماوەی هەفتەیەک دەبێت ئامادەکاری بۆ ئەم هێرشەکە دەکات و قسەی زۆری لەبارەوە کرد، عێراقیشی لە هێرشەکان ئاگادارکردبووەوە، هەر ئەوەش بووە هۆی رەخنەی توند لە کۆشکی سپی بەتایبەت لەلایەن کۆمارییەکانەوە، وا دەردەکەوێت ئەمریکا نەیویستووە زیان بە ئێران بگات.

دوای کۆتایی هێرشەکان، بەرپرسانی کۆشکی سپی سەرکەوتنی تەواوی هێرشەکانیان راگەیاند و گوتیان، ئەمشەو سەرەتای هێرشەکان بوو، بەڵام کۆتا هێرش نابن.

لەو نێوەندە، رۆژنامەی پۆلیتیکۆ بڵاویکردەوە، ئەمریکا هێرشی دیکەش ئەنجامدەدات و ئامانجی داهاتوو هێرشکردنە سەر حوسییەکانی یەمەنە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button