بە چاودێریی سودانی، پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون بە ناوی عەلی وەردییەوە دروست دەکرێت

زووم:

 

رۆژنامە عەرەبییەکان

شەرقولئەوسەت

وڵاتان دەیانەوێت دەست بە ئونرواوە بگرن و ئیسرائیلیش بەدوای جێگرەوەکەیدا دەگەڕێت

سیگرید کاغ، رێکخەرى نەتەوەیەکگرتووە لە غەزە بۆ کاروبارى مرۆیی و ئاوادانکردنەوە، داوا لە ئەمریکا دەکات بڕیاری ژمارە 2720ی ئەنجومەنی ئاسایش جێبەجێ بکرێت، کە باس لە گەیاندنی هاوکاری بۆ فەلەستینییەکان دەکات. چەند بەرپرسێکی ئەمریکی و نێودەوڵەتی دەڵێن رۆڵی ئونڕوا گرنگە و دەبێت بمێنێتەوە، ئەگەرچی تۆمەتی ئەوەیان دراوەتە پاڵ کە لە 7ـی ئۆکتۆبەردا یارمەتیی پەلامارەکانی حەماسیان داوە. بەڵام ئیسرائیل دەڵێت پاش شەڕی غەزە کار لەگەڵ ئونروادا ناکات.

سەباحی عێراقی

بە چاودێریی سودانی، پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون بە ناوی عەلی وەردییەوە دروست دەکرێت

بەگوێرەى رۆژنامەکە دوێنێ، محەمەد شیاع سودانی، سەرەکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی واژۆکردنى گرێبەستی دروستکردنی پرۆژەیەکی نیشتەجێبوونى کرد بەناوی زانای کۆمەڵناسی عێراقی (عەلی وەردی)یەوە.

ئەم پرۆژەیە لەسەر زەوییەک دروست دەکرێت، کە رووبەرەکەی نزیکەى 25000 دۆنم زەویە و دەکەوێتە باشوری رۆژهەڵاتی بەغدادی پایتەختەوە. بڕیارە کۆمپانیای ئوروا جێبەجێی بکات.

عەرەب

میلیشیاکان لە عێراق سەنگەر و مەتەرێز لێدەدەن بۆ بەکارهێنانیان لە ئەگەری هەر هێرشێکی ئەمریکادا

 

ئەو گروپە چەکدارانەی لەنێو عێراقدان و سەر بە ئێرانن، کەتونەتە  خۆئامادەکردن بۆ ئەگەری رووبەڕووبونەوەی هەر وەڵامدانەوەیەکی سەربازیی ئەمریکا بۆ ئەو هێرشانەی کرانە سەر بنکەی تەنەف لە ئوردن. بۆیە سەنگەر لێدەدەن و پەناگەی پتەو دروست دەکەن، پێشبینی دەکەن لێدانێکی قورسی دەستی ئەمریکایان بەرکەوێت، بەڵام نازانن قەبارەی لێدانەکە چەندە و ئایا نێو ئێران دەگرێتەوە یان دەرەوەی وڵاتەکە.

جەریدەی کوەیتی

سەردانە مێژووییەکەی ئەمیر بۆ سعودیە کردنەوەی 13 بواری بۆ هاریکاریی هاوبەش لێکەتەوە

میری تازە راسپێردراوی کوەیت لە یەکەمین سەردانیدا وەک میری کوەیت بۆ وڵاتێکی بێگانە چووە سعویدیەی دراوسێیان و دەگوترێت 13 پرۆتۆکۆلی جیاوازی لەگەڵیاندا ئیمزا کردووە، کە بوارەکانی وزە و تەندروستی و فێرکردن و گەشتیاری و ریفۆرمی ئابوری دەگرێتەوە.

رۆژنامە ئینگیزییەکان

گاردیەن

نەوەی تازە کە بە نەوەی ‘Z’ ناسراون، بەشێوەیەکی بەرچاو “فێمێنیزم” وەکو زیان دەبینن

بەگوێرەی توێژینەوەیەک، ئەو کوڕانەی لەساڵانی نێوان 1997 بۆ 2012 لەدایکبوون کە بە نەوەی ‘Z’ ناسراون، لە کەسانی بەتەمەن زیاتر پێیانوایە رەوتی فێمێنیزم زیانی زیاتربووە لە سوودەکانی.

توێژینەوەکە، لەسەر 3,600 کەس ئەنجامدراوە، دەڵێت لە هەر چوار کوڕێک لە بەریتانیا کە تەمەنیان لەنێوان 16 بۆ 29 ساڵیدایە، یەکێکیان پێیوایە لەم رۆژگارەدا سەختترە بۆ مرۆڤ کە پیاو بێت وەک لەوەی ژن بێت. ئاماژەی بەوەشکردووە مەترسییەکی جدیی هەیە لەسەر دابەشبوونی “فیکریی” ئەم نەوەیەی ئێستا بەڕێوەیە.

فاینانشیەڵ تایمز

پاشەکشە داراییەکەی ئیلۆن مەسک بۆ تەواوی بازرگانییەکەی دەتەنێتەوە

دادوەرێکی ویلایەتی دێڵەوێر لە ئەمریکا بڕیاریدا ئیلۆن مەسک، خاوەنی کۆمپانیای تێسلا کە ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەرهەمدەهێنێت، دەستبەرداری ئەو 56 ملیۆن دۆلارە ببێت کە دەبوو لە خاوەن پشکەکانی ئەو کۆمپانیایە وەک قەرەبوو وەریبگرێتەوە. ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کۆمپانیاکەی مەسک دەبێت لەبواری بەرهەمهێنان و نیگەرانییە داراییەکانی دیکەی کۆمپانیاکە، هاوکات رەنگە ئەم پرسە سەرنجی مەسک لەسەر کارە بازرگانییەکانی دیکەشی لابدات.

واشنتن پۆست

زێلێنسکی دەیەوێت زالوژنی فەرماندەی باڵای سەربازیی ئۆکراین لە پۆستەکەی دووربخاتەوە

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراین، بە ڤالێری زالوژنی فەرماندەی باڵای سەربازیی وڵاتەکەی، گووتووە، دەیەوێت لە کارەکەی دووری بخاتەوە، ئەم کێشە ناوخۆییەی سوپای ئەو وڵاتە دوای چەندین مانگ دێت لە ناکۆکی نێوان سەرۆکی وڵات و ئەو فەرماندەیە.

هەرچەندە تائێستا پاڵنەرێکی سەرەکی لەپشت ئەو کارەی زێلێنسکییەوە ئاشکرانەکراوە، بەڵام باس لەوە دەکرێت پێگەی ئەو فەرماندەیە لەنێو خەڵک و سوپادا رەنگە ببێت ئاڵنگارییەکی گەورە بۆ داهاتووی زێلێنسکی، چونکە فەماندەیەکی بەنێوبانگە و لەنێو خەڵک و سەربازانی وڵاتەکەدا رێزی زۆری لێدەگیرێت، هەروەها باس لەوە دەکرێت بەهۆی ناکۆکییەکانیان لەبارەی جەنگەوە زێلێنسکی دەیەوێت دووری بخاتەوە.

ئۆرشەلیم پۆست

ئەمریکا دەڵێت، رێککەوتنی ئازادکردنی بارمتەکان کە ئێستا لەسەر مێزی گفتوگۆیە “رێککەوتنێکی بەهێزە”

نوێنەرى ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، پێشنیازنامەیەکی بەهێز هەیە بۆ گەیشتە رێککەوتنێک کە دەبێتە هۆی راگرتنی شەڕ لەنێوان ئیسرائیل و حەماس بۆماوەیەکی زۆر درێژتر لە ئاگربەستەکەی رابردوو. ئاماژەی بەوەشکردووە ئێستا چاوەڕێی حەماسن بۆئەوەی وەڵامیان بداتەوە. نیگەرانی خۆشی دەربڕی لەوەی رەنگە حەماس ئەو ماوەیە بقۆزێتەوە بۆ دروستکردنی تونێلی زیاتر و پلان بۆ هێرشی دیکە دابڕێژێت.

 

 رۆژنامە فارسییەکان

 پیام ما

وشکەساڵی ئەمساڵی ئێران لە 53 ساڵی رابردوودا بێ وێنەیە و ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردووە

سادقی موقەدەم، جێگری بەڕێوەبەرى سەرچاوە ئاوییەکانی ئێران رایگەیاند، وشکەساڵی ئەمساڵی ئێران لە 53 ساڵی رابردوودا بێ وێنەیە و ژمارەی پێوانەیی تۆمارکراوە.

راشیگەیاند، دابەشبوونی نایەکسانی بارانبارین لە ئێران کە بە گوێرەی شوێنەکان لەنێوان 1700 بۆ 300 ملیمەتر دایە، پێویستی بە بەڕێوەبردنی باشتر هەیە.

ناوبراو جەختی لەسەر رۆڵی گرنگی خەڵک بۆ چاودێری و بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاویەکان لە ئێران کردەوە لەبەر ئەوەی ئەو بابەتە راستەوخۆ پەیوەندی بە ژیان و داهاتووی خەڵکەوە هەیە.

جمهوری ئیسلامی

لەماوەى یەکەم مانگى ئەمساڵدا 15 کەس لە ئیسفەهان بەهۆى غازى ئامێرە گەرمکەرەوەکانەوە گیانیان لەدەستداوە

 

مردن بەهۆی غازەوە بووە بە دیاردە و لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا 15 کەس لە ئیسفەهان بەهۆی ژەهراوی بوون بە غازی ئۆکسیدی کاربۆن گیانیان لەدەستداوە.

بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی پارێزگای ئیسفەهان مەنسور شیشەفروش رایگەیاند، زۆربەی غازکردنەکە بەهۆی ئامێری گەرمکەرەوە بووە.

دەشڵێت، هەرچەندە ئاماری گیانلەدەستدان وەک ساڵی رابردوو ماوەتەوە، بەڵام بابەتێکی مەترسیدارە و خەڵک دەبێ زۆر بە هۆشیارییەوە ئەو ئامێرانە بەکاربهێنن کە بە غاز کار دەکەن.

شەهروەند

یەکەم کارگەی بەرهەمهێنانی مۆبایل و تابلێت لە ئێران کرایەوە

 

خەلیل قاسمی، بەرپرسی رێکخراوی پیشەسازی و بازرگانی دەڵێت، “ئەم کارگەیە توانای هەیە لە ساڵێکدا 1,200,000 مۆبایل و تابلێت بەرهەمبهێنێت و لەو ژمارەیە 960 هەزاریان مۆبایلە و ئەوانی دیکە تابلێتن”. ناوبراو باسی لەوەش کرد، لەگەڵ دەستپێکردنی ئەم کارگەیە هەلی کار بۆ 50 کەس رەخساوە.

 جەهانی سەنعەت

ئەو کەسانەى لە سۆشیالمیدیا فۆڵۆوەرزی زۆریان هەیە دەبێت باج بە حکومەت بدەن

سەید ئیحسان خەندوزی گوتەبێژی ئابووری حکومەتى ئێران رایگەیاندووە، ئەو کەسانەى لە سۆشیالمیدیا زیاتر لە 500 هەزار فۆڵۆوەرزیان هەیە، باجیان لێ وەردەگیرێت.

دەشڵێت، ئەم بڕیارە 551 بەکارهێنەر لە ئێران دەگرێتەوە و ئێمە پابەندین بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە.

خەندوزی گوتیشى، بەشێکی زۆر لەو کەسانە پارەیەکی زۆر بەدەستدەهێنن، بەڵام پابەند نین بە یاسا و باج لەسەر داهاتی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی خۆیان نادەن.

 رۆژنامە تورکییەکان

میللەت

کەرتى گەشتیاریی توركیا ژمارەى پێوانەيى شکاند

لە ساڵى 2023ـدا تورکیا 56.7 ملیۆن گەشتیاریی بیانى هەبووە، ئەگەر هەر گەشتیارێک لە رۆژێکدا 99 دۆلارى خەرج کردبێت، لە ساڵەکەدا دەکاتە 54.3 ملیار دۆلار، ئەم بڕە ژمارەى پێوانەى داهاتى گەشتیاریی شکاندووە.
وەزیرى کلتوور و گەشتیاریی رایگەیاندووە، وڵاتەکەى بۆ ساڵى 2024 ئامانجى ئەوەیە ژمارەى هاتنى گەشتیار بگەیەنێتە 60 ملیۆن و داهاتەکەشى بەرزبکاتەوە بۆ 60 ملیار دۆلار.

حوڕییەت

کاندیدبوونى بەشاک دەمیرتاش لە 3 یاخود 5ـى شوباتدا یەکلادەبێتەوە

گوڵستان کڵچ، سەرۆکى فراکسیۆنى دەم پارتى لە پەرلەمانى تورکیا رایگەیاند، بەشاک دەمیرتاش یەکێک لە کاندیدە هەرە بەهێزەکانمانە، هیچ رێگرییەک لەبەردەم کاندیدبونى خاتوو بەشاک دەمیرتاشەوە نییە، لێدوانەکەى ئەو بۆ کاندیدبوونى، بەلاى ئێمە وەک داواکارییەکى فەرمى پەسەندکراوە و پێویست ناکات بە نوسراو داواکارى بۆ ئەو مەبەستە پێشکەش بە پارتەکەمان بکات.

سۆزجو

لەماوەى هەفتەیەکدا، دوو جار نرخى بەنزین گران بووە

لە ئەنجامى سیاسەتى هەڵەى ئابووریی حکومەت، زیادکردنى باج و گرانبوونى بەنزین بەردەوامى هەیە. هەفتەى رابردوو 1.47 لیرە زیادکرا بۆ نرخى هەر لیترێک بەنزین، لە پاشئەوەش بڕى 95 قوروش بۆ نرخى هەر لیترێک بەنزین زیادکرا، بەم زیادکردنەش نرخى یەک لیتر بەنزین گەیشتە 39.33 لیرەى تورکی. “ئەوەى سەیارەى هەیە وەزعى شڕە”.

 

یەنى شەفاق

دوو دەرگاى سنووریى لەنێوان تورکیا و ئێران دەکرێتەوە

بەمەبەستى زیادکردنى ئاڵوگۆڕى بازرگانى، دوو دەرگاى گومرگ لەنێوان سنوورى تورکیا و ئێران دەکرێتەوە، ئەم دوو دەرگایە لەخزمەتى ستراتیژى ئابوورى هەردوو وڵات دەکات کە ئامانجیان ئەوەیە ئاڵوگۆڕى بازرگانى بگەیەننە 30 ملیار دۆلار.
کردنەوەى ئەو دوو دەرگا گومرگییە دەکەوێتە دوو ناوچەى سەربە پارێزگاى وان- هەریەک لە باشقەلە و چاڵدرانەوە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button