وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەنیازە بەشێک لە یارییە ئەلیکترۆنییەکان قەدەغە بکات

زووم:

 

وەزارەتی ناوخۆی عێراق: لەڕێگەی یارییە ئەلیکترۆنییەکانەوە ساڵی رابردوو ملیارێک دۆلار براوەتە دەرەوە

وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەنیازە ئەو یارییە ئەلیکترۆنیانە قەدەغە بکات کە هانی توندوتیژیی دەدەن و هۆکارێکە بۆ بردنەدەرەوەی پارەیەکی زۆر بە قاچاخ بۆ دەرەوەی وڵات.

مەنسور عەلی سوڵتان، سکرتێری لیژنەی رێکخستنی چەک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی رایگەیاندووە، وەزارەتەکە دەیەوێت چەند رێکار و سنووردارکردنێک بۆ بەشێک لەو یارییە ئەلیکترۆنییانە دابنێت کە هانی توندوتیژی دەدەن وەک یاریی “مەریم” و “فیلە شینەکە” و “پۆبجی”، چەند یارییەکی دیکە بۆ لیستەکە زیاد دەکرێت و رێکاری پێویست دەگیرێتەبەر.

گوتووشیەتی، بەشێک لەو یارییانە بوونەتە هۆکار بۆ بە قاچاخبردنی پارە بۆ دەرەوەی وڵات، و جەختدەکاتەوە کە تەنها لە ساڵی رابردوودا و لەڕێگەی کڕینی کارتی ئۆنلاینی ئەو یارییانەوە، نزیکەی یەک ملیار دۆلار براوەتە دەرەوەی وڵات.

باسی لەوەش کردووە، بەپێی ئامارەکان زۆرترین بەکارهێنەرانی ئەم جۆرە یارییانە گەنجان و هەرزەکارانن، بۆیە کاریگەری بەرچاویشی دەبێت لەسەر گۆڕینی رەفتاریان.

هەواڵی زیاتر

Back to top button