دەم پارتی و پارتی کرێکاری تورکیا بەجیا بەشداریی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەکەن

زووم:

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی شارەوانی لە تورکیا، پارتە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەکان، بە پێچەوانەی هەڵبژاردنی پێشوو، لە رێککەوتن دوور کەوتوونەتەوە و هەر پارتە بۆ خۆی بەشداری دەکات.

پارتی کرێکاری تورکیا، یەکێکە لە پارتە بەشداربووەکان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 31ـی ئازار، کاندیدەکانی خۆی لە باکووری کوردستان و لە ناوچەکانی دیکەی تورکیا راگەیاندووە.

هاوپەیمانیی کۆماری لەنێوان ئاک پارتی و مەهەپە و چەند پارتێکی سیاسیی دیکە، وەک خۆی ماوەتەوە، بەڵام هاوپەیمانیی میللەت، کە لەنێوان جەهەپە و پێنج پارتی سیاسیی دیکەدا کرابوو، بۆ ئەم هەڵبژاردنە هەڵوەشێنراوەتەوە.

دەم پارتی، کە لە هەڵبژاردنەکاندا نوێنەراتیی کورد دەکات، بەشێک بوو لە هاوپەیمانییەتییەکەی جەهەپە و لەگەڵ پارتی کرێکاری تورکیاش هاوپەیمانێتی هەبوو، لە هەندێ ناوچە پێکەوە بەشدارییان لە هەڵبژاردن کرد.

لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 2023ـدا، پارتی کرێکاری تورکیا توانی چوار پەرلەمانتار بنێرێتە پەرلەمان و لە سەرتاسەری تورکیا رێژەی 2.8%ـی دەنگەکان بەدەست بهێنێت.

ئەم پارتە، لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی شارەوانییەکانی تورکیادا، بەجیا بەشداری دەکات و تائێستا 24 کاندیدی بۆ شارەوانییەکان راگەیاندووە، دوو لەو کاندیدانە لە باکووری کوردستانن، لە شارۆچکەی داماڵ لە ئەردەخان و شارۆچکەی چاغڵەیان لە ئەرزنجان.

22کاندیدەکەی دیکەی پارتی کرێکاری تورکیا لە پارێزگاکانی هاتای، ئیزمیر و ئیستەنبوڵن.

بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانێتییەکان و سەربەخۆ بەشداریکردن پارتەکان، وا دەردەکەوێت هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەمساڵی تورکیا، لە زیانی بەرەی ئۆپۆزسیۆن و لە قازانجی ئاک پارتی و بەرەی هاوپەیمانیی کۆماری بێت.

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button