وۆڵ ستریت جۆرناڵ: هێشتا 80%ـی تونێڵەکانی غەزە زیانیان پێنەگەیشتووە

زووم:

تونێڵەکانی حەماس، گرێکوێرە سەختەکەی ئیسرائیل هێشتا سەرەتایەتی!
سەرەڕای بۆردوومانە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ ماوەی نزیکەی چوار مانگ لە غەزە، هێشتا لەسەدا 80ـی تونێڵەکانی حەماس کە لەژێر ئەو شارەدا دروستیکردوون، بێ زیان ماونەتەوە، ئەوەش بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ.

چەند بەرپرسێکی ئیسرائیل و حەماس بە رۆژنامە ئەمریکییەکەیان گوتووە، لەئێستادا کارێکی قورسە بتوانیت ئەوە بخەمڵێنیت کە چەندێک لەو تۆڕە ئاڵۆزەی لە ژێر زەوی غەزەدا هەیە، لەلایەن سەربازانی ئیسرائیلەوە رووخێنراوە، بەڵام تونێلەکان ئاستەنگی گەورەیان بۆ ئامانجە سەرەکییەکەی سوپای ئیسرائیل درووستکردووە کە کۆتایی هێنانە بە حەماس.

لە دوای هێرشەکەی حەماس و چوونە ناوەوەی ئیسرائیل بۆ ناو غەزە، سوپای ئیسرائیل بەردەوام خەریکی روخاندن و تەقاندنەوەی تونێڵەکانی حەماسە، کە لەشێوەی تۆڕی ئاڵۆز و بەرفراواندا وەک شوێنی حەوانەوە، کۆبوونەوە و چالاکییەکانی بەکاریاندەهێنێت. تەنانەت بۆ شاردنەوەی ئەو زیاتر لە 250 بارمتەیەی کە لە ئیسرائیل گرتنی، هەر تونێڵەکانی بەکار‌هێناوە.

هەر بەگوێرەی راپۆرتەکە، بەشێک لە تونێڵەکان تەقێنراونەتەوە، بەشێکیشیان ئاویان تێکراوە، بەڵام ئەم پرۆسەیە خاوە و سوپای ئیسرائیل دەبێت لە پێش هەر کارێکی لەوجۆرەدا، تونێڵەکان بپشکنێت و دڵنیا ببێتەوە لەوەی تەڵە بۆ سەربازەکانی دانەنراوە تیایاندا یان بارمتەی تێدا نەشاردراوەتەوە.

لەبارەی شوێنی یەحیا سینوار، سەرۆکی حەماس لە غەزە کە پلاندانەری هێرشەکەی 7ـی تشرینی یەکەمە، راپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە ناوبراو لەناو تونێڵەکاندا خۆی شاردووەتەوە لەژێر ناوچەی خان یونسدا. ئاماژەی بەوەشکردووە لەگەڵ خۆیدا کۆمەڵێک بارمتەی بردووەتە ناو تونێڵەکانەوە.

سەرەتای ئەم مانگە، رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی رایگەیاند، بەرپرسانی باڵای سەربازیی ئیسرائیل گوتوویانە پێدەچێت تونێڵەکانی غەزە لەنێوان 560 بۆ 720 کیلۆمەتر درێژ بن، ئەمەش زۆر درێژترە لەوەی پێشتر ئیسرائیل پێشبینی کردبوو، ئەمەش ژمارەیەکی یەکجار گەورەیە بەراورد بە رووبەری غەزە کە تەنها 224 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە. هەر بۆیە تا ئێستا تونێڵەکانی غەزە وەک گرێ کوێرەیەک لەبەردەم ئیسرائیلدا ماوەتەوە و کردنەوەی ئەگەر مەحاڵیش نەبێت، کارێکی زۆر سەختە.

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button