بینا کۆنەکانی ئێران مەترسیی ئاگرکەوتنەوەیان لەسەرە

زووم:

 

ئاگرگرتنی نەخۆشخانەی گاندی لە باکووری تاران جارێکی دیکە زەنگی ئاگادارکردنەوەی بۆ خەڵکی ئێران و دەسەڵاتدارانى ئەو وڵاتە لێدا و تیشکی خستە سەر بارودۆخی خراپی باڵەخانە و شوێنە گشتنییەکان لە سەرانسەری وڵاتدا.

نەخۆشخانەی گاندی شەوى رابردوو ئاگرى گرت، کە بەهۆیەوە تەواوى بیناکە سووتا، ئەمەش کاردانەوەى زۆرى لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران دروستکرد.

پێش ئەو رووداوە ئاگرکوژێنەوەی تاران هۆشداریدابوو، کە 75 بینای گەورە لە تاران دەبێت چۆڵبکرێن، ئێستاش بەڕێوەبەری قەیرانەکانی شارەوانی تاران هۆشداری بۆ 40 نەخۆشخانەی شارەکە دەرکردووە.

پرسی سەلامەتی بیناکان لە ئێران، دوای رووداوەکانی وەک ئاگرکەوتنەوەی بینای پلاسکۆ لە ناوەڕاستی تاران، کە چەند ساڵێک لەمەوبەر روویداو بووە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم 22 کەس، هەروەها داڕمانی بینایەک هەر بەهۆى ئاگرەوە لە ئابادان، کە لە ساڵی رابردوودا روویدا و 43 قوربانی لێکەوتەوە، کاردانەوەى زۆرى دروستکرد، سەرەتاى ئەمساڵیش بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە کەمپێکی وازهێنان لە مادەی هۆشبەر، کە زیاتر لە 30 کەس گیانیان لەدەستدا کاردانەوە دروست بوو.

ئیدارەی ئاگرکوژێنەوەی تاران مەترسى لەسەر نزیکەی 33 هەزار بینای مەترسیداری راگەیاندووە، کە 3500 بینایان هیچ مەرجێکى سەلامەتی و رێگرییەکیان نییە بۆ ئاگرکەوتنەوە، کە بەشێکى زۆریش لەو بینایانە نەخۆشخانە و شوێنە گشتییەکانن و بەرپرسانى جەختیانکردووەتەوە پێویستیان بە گۆڕین، یان نۆژەنکردنەوە هەیە، چونکە ئەگەر ئاگر بگرن تەنانەت تیمەکانى ئاگرکوژێنەوەش ناتوانن کۆنتڕۆڵیان بکەن.

چەند ساڵێک پێش ئێستا لە کاتی ئاگرکەوتنەوەی بیناى پلاسکۆدا، کاتێک تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و تیمەکانی فریاگوزاری هەوڵیاندا بڵێسەی ئاگرەکە بکوژێننەوە، پێکهاتەی بیناکە رووخا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی کارەساتبار لەنێو ئاگرکوژێنەوەکاندا.

ئەم رووداوە تائێستا لە یادەوەرى ئێرانییەکان ماوەو بە ئاگرگرتنى بیناى نەخۆشخانەى گاندى لە تاران، جارێکى تر بە بڵاوکردنەوەى ڤیدیۆى ئەو رووداوە، چالاکانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان جەختیان لەسەر چارەسەرکردنی خێرا بۆ دۆخى بیناکان لە سەرانسەرى وڵاتکردەوە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button