40 بەرپرسی باڵای پێشووی ئیسرائیل داوای دوورخستنەوەی نەتانیاهۆ دەکەن

زووم:
زیاتر لە 40 بەرپرسی باڵای پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل لە نامەیەکدا داوا لە سەرۆکی ئیسرائیل و سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکە دەکەن بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە.

تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی بڵاویکردەوە، لەنێو ئەو 40 بەرپرسەدا چوار بەڕێوەبەری پێشووی دەزگای ئاسایشی دەرەوە و ناوخۆی ئیسرائیل، دوو سەرۆکی پێشووی سوپای ئیسرائیل و سێ بەرپرسی دیکەش، کە خەڵاتی نۆبڵیان وەرگرتووە هەیە و داوا دەکەن نەتانیاهۆ لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە.

ئەو بەرپرسانە رەخنەی توند لە حکومەتەکەی نەتانیاهۆ و هەوڵە مشتومڕاوییەکانی بۆ چاکسازی لە دەسەڵاتی دادوەری ئیسرائیل دەگرن و دەڵێن، “بەهۆی ئەم هەوڵانەی نەتانیاهۆ پێشێلکاری ئەمنی هاتەئاراوە و بووەهۆی روودانی هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەر.”

بەگوێرەی لێدوانی ئەو بەرپرسانە، “نەتانیاهۆ بەرپرسی سەرەکییە لەو کۆمەڵکوژییە دڕندانەیەی بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە هەزار و 200 هاووڵاتی ئیسرائیل و برینداربوونی زیاتر لە چوار هەزار و 500 هاووڵاتی دیکە، رفاندنی زیاتر لە 230 ئیسرائیلی، کە تا ئێستاش زیاتر لە 130 کەسیان لای حەماس دەستبەسەرن.

نامەکە رۆژی پێنجشەممە لەلایەن بەرپرسەکانەوە ئاراستەی ئیسحاق هێرتسۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل کراوە، ئەمڕۆش بۆ ئەمیر ئەوحانا، سەرۆکی پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست) نێردراوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button