گوتەبێژی حکومەتی عێراق: جەنگی غەزە کۆبوونەوەکانی ئێمە و ئەمریکای دواخست

زووم:

باسم عەوادی گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت، بڕیار بوو 10ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو لیژنەی سەربازیی عێراق و ئەمریکا یەکەمین کۆبوونەوەی لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان ئەنجامبدات، بەڵام جەنگی غەزە رەوشەکەی گۆڕی.

باسم عەوادی بۆ میدیای فەرمیی حکومەتی عێراق دەشڵێت: محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، پشت بە سێ رەگەز دەبەستێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ئەوانیش راشکاوی و متمانە و هاوسەنگیین.

گوتیشی، پێش رووداوەکانی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ئامادەییان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق دەربڕی و بڕیاربوو رۆژی 10ی تشرینی یەکەم لیژنەکە یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجامبدات، بەڵام بە جەنگی غەز دووچاری شۆکبوون و دۆسییەکان ئاڵۆزبوون.

عەوادی باسى لەوەش کرد، کۆبوونەوەکانی داهاتووی لیژنەی باڵای سەربازیی عێراق و ئەمریکا، تەواو پیشەیی و سەربازیی دەبن و هەوڵ دەدرێت بۆ دانانی نەخشەڕێگەیەکی هاوبەش بەگوێرەی خشتەیەکی کاتیی بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان.

هەروەها گوتى: عێراق دەتوانێت پارێزگاریی لە وڵاتەکەی بکات و بەرەنگاریی لەدایکوونەوەی داعش ببێتەوە، هەروەها کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ سەقامگیریی عێراق پێویستە.

چەند رۆژێکە لایەنى ئەمریکى لە رێگەى ئەلینا رۆمانۆڤیسکى باڵیۆزى وڵاتەکەى لە بەغداد ئاشکرایکرد، گفتوگۆکانیان لەگەڵ لایەنى عێراقى دەستپێکردووەتەوە، کە مەبەست لێى کۆتاییهێنانە بە ئەرکى هێزە شەڕکەرەکانى هاوپەیمانە لە عێراق .

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button