دادگای لاهای ناتانیاهۆ دادگایی دەکات

 زووم:

دادگای لاهای نێودەوڵەتی، باڵادەستترین دامەزراوەی دادوەرییە لە جیهاندا، چاوی جیهان لەسەر ئەو سکاڵایانەن کە لەم دادگایە تۆماردەکرێن، ئەمڕۆ لەبارەى دۆسییەى تۆمەتبارکردنى بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل کۆدەبێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت بڕیارى لەبارەوە بدات. سکاڵاکەش ئەفریقاى باشوور تۆمارکردووە.

جەنگی حەماس و ئیسرائیل 114 رۆژە بەردەوامە، ئامارى کوژرانى فەلەستینییەکان 25,700 کەسى تێپەڕاندووە، ئەفریقاى باشووریش ئیسرائیل بە ئەنجامدانى تاوانى کۆمەڵکوژیی تۆمەتبار دەکات.

بەگوێرەى سکاڵاکەى ئەفریقاى باشوو، ئیسرائیل پەیماننامەی ساڵی 1948ـی نەتەوەیەکگرتووەکانی پێشێلکردوە، کە تێیداهاتووە لە هەرشوێنێکى جیهان دەبێت رێگری لە کۆمەڵکوژی بکرێت و ئەنجامدانی هەر کۆمەڵکوژییەکیش دادگایی دەکرێت و سزای دەبێت.

ئەو بابەتانەى لە سکاڵا 48 لاپەڕەییەکەدا هاتوون دژی ئیسرائیل، ئەمانەن؛
یەکەم: لە 7ی ئۆکتۆبەرى ساڵی رابردووەوە کە جەنگی غەزە دەستیپێکردووە، ئیسرائیل کوێرانە بۆردومان دەکات و خەڵکى مەدەنى و ژن و منداڵ دەکوژێت.

دووەم: ئیسرائیل هەموو رێگەیەکى سەربازی گرتووەتەبەر رێگری دەکات لە گەیشتنى ئاو، خۆراک، دەرمان و هاوکارییە مرۆییەکان بە کەرتى غەزە.

سێیەم: حکومەتەکەى ناتنیاهۆ، هیچ رێگرییەک لە بەرپرسانى باڵای سەربازیی وڵاتەکەى ناکات لە ئەنجامدانى کۆمەڵکوژیی، بەڵکو پشتیوانیشیانە.

چوارەم: بۆردومانى چڕی سوپای ئیسرائیل و بەئامانجگرتنى باڵەخانە، شوێنی نیشتەجێبوون، فەرمانگە، نەخۆشخانەکان و وێرانکردنى کەرتى غەزە بووەتە هۆی ئاوارەبوونى یەک ملیۆن و 900 هەزار کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵن و لەژێر هەڕەشەى برسییەتى و نەخۆشی و بێماڵوحاڵیدان.

سەرۆکی ئیسرائیل ئیسحاق هێرتزۆکە، وەک وەڵامێک بۆ سکاڵاکەی ئەفریقاى باشوور دەڵێت، “سکاڵاکە زۆر ناشرین و نالۆجیکییە” چونکە ئیسرائیل لەو جەنگەدا ویستوییەتى دەست لە خەڵکى مەدەنى بپارێزێت.
ئەو دەڵێت، لە دادگای نێودەوڵەتی ئامادە دەبین، بەگوێرەی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر بنەمای مافی بەرگریکردن لە خۆمان مامەڵە دەکەین.

بەڵام جوولیێت ماکنتایەر، پسپۆری یاسای نێودەوڵەتی، لە زانکۆی ئەفریقاى باشوور، دەڵێت، روون و ئاشکرایە ئیسرائیل تاوانی کۆمەڵکوژی دژ بە فەلەستینییەکان ئەنجام دەدات، ئەم بابەتەش پێویستی بەوە نییە ئەفریقاى باشوور بیسەلمێنێت.

هەواڵی زیاتر

Back to top button