دانە گاز راگرتنى بەرهەمهێنانى گازى لە کێڵگەى کۆرمۆر راگەیاند

 زووم:

کۆمپانیای دانە گاز، راگرتنى بەهەمهێنانى لە کێڵگەى گازى کۆرمۆر راگەیاند، بەهۆى هێرشەکەى شەوى رابردووى سەر کێڵگەکە.

میدیاکانى ئیمارات بڵاویانکردەوە، کۆمپانیاى دانە گاز ئەمڕۆ، رایگەیاندووە،

شەوی رابردوو تانکییەکى کۆگاکردنی شلەمەنییان لە کێڵگەی کۆرمۆر بە درۆن کرایە ئامانج و بووە هۆى کەوتنەوەى ئاگر.

دەڵێت، هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە، بەڵام بەرهەمهێنانى گاز لە کێڵگەکە راگیراوە تاوەکو کۆتاییهێنان بە کوژاندنەوەی ئاگرەکە.

کۆمپانیاى دانە گاز دەڵێت، کارمەندانی دامەزراوەکە هەموو هەوڵێکی خۆیان خستووەتەگەڕ بۆئەوەی بەزووترین کات پرۆسەی بەرهەمهێنانى گاز دەستپێبکەنەوە.

کێڵگەى کۆرمۆر لە سنوورى ناحیەى قادرکەرەمى سەر بە قەزاى چەمچەماڵە. شەوى رابردوو سەرچاوەیەکى ئەمنى بە زوومى گوت، کاتژمێر 10:30 بە کاتیۆشا هێرشکرایە سەر کێڵگەکە، بەڵام دانە گاز دەڵێت، بە درۆن هێرشکراوەتە سەریان.

بەهۆى هێرشەوە بەرهەمهێنانى 2800 مێگاوات کارەبا راگیراوە، کە کۆى بەرهەمى کارەباى هەرێمى کوردستان کەمتر لە 3500 مێگاواتە.

کێڵگەى کۆرمۆر لە ساڵى رابردوودا چەندینجار کەوتووەتە بەر هێرشی موشەکی، دانە گاز دەڵێت، لە مانگی حوزیرانی 2023 موشەکێک لە نزیکی کێلگەکە کەوتەخوارەوە. ئەوکاتە دوو کارمەند بریندار بوون.

مانگێک دواتر شوێنەکانی نیشتەجێبوونی کارمەندانى کۆمپانیاکە کرانە ئامانجی موشەکەکان. لە مانگی تشرینی یەکەمیشدا هەشت موشەکی ئاراستەى کێڵگەکە کران.

هەردوو دامەزراوەى پیرڵ پەترۆلیۆم و کرێسەنت پەترۆلیۆمى سەر بە دانە گاز، لە دوو کێڵگەی کۆرمۆر کاردەکەن. کۆرمۆر گەورەترین کێڵگەی بەرهەمهێنانی گازە لە عێراقدا.

هەواڵی زیاتر

Back to top button