بارزانی: پشتیوانی لە دەستپێکردنەوەی دانوستانی عێراق و ئەمریکا دەکەم

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، کە سەرۆکی پارتی دیموکرتی کوردستانیشە، پەیامێکی لەبارەی دانوستانی نێوان عێراق و ئەمریکا لەبارەی پرسی ئەمنی بڵاوکردەوە و پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەکە دەربڕیوە.

مەسعود بارزانی دەڵێت، پشتیوانی لە هەڵوێستی حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سودانی دەکەین، هەروەها پشتیوانی لە راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەکەین بۆ سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی دانوسان لەگەڵ ئەمریکا بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی داهاتوویان لە چوارچێوەی بابەتی سەربازی و ئەمنی، لەپێناو گەرەنتیکردنی بەردەوامیی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایشی وڵات لە پەلامارە دەرەکییەکان بە پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی هەرێمی کوردستانیشەوە.

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە وەزارتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، لەگەڵ ئەمریکا رێککەوتوون لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای سەربازی و هەڵسەنگاندن دەکەن بۆ هەڕەشە و مەترسییەکانی داعش، بەهێزترکردنی توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق و داڕشتنی خشتەیەکی زەمەنیی دیاریکراو و روون لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە عێراق.

مەسعود بارزانی دەڵێت، دانوسان تاکە رێگەی دروستە بۆ بنیاتنانی پەیوەندیی هاوسەنگ لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەشی نێوان کۆماری عێراقی فیدڕاڵ و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، لیژنە باڵا سەربازییەکەی ئەمریکا و عێراق لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆدەبنەوە، بە لەبەرچاوگرتنی هەڕەشەکانی داعش لە عێراق، پێویستییەکانی کارکردن و ئاست و توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق، بڕیار لەسەر چۆنیەتیی کارکردنی هاوپەیمانان لە عێراق دەدرێت.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button